رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆ و ناکۆکییەکان لە ناو ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا چیدی تەنیا پەیوەست بە ئەنجامی یارییەکان، پێکان و بڕیارە تەکنیکییەکان نییە، بەڵکو ناکۆکییەک لەبارەی ژیانی تایبەتی یاریزانەکان و شێوازی رێکخستنی گەشتەکانی تیپەکەش سەریهەڵداوە، ئەمەش جیاوازیی بۆچوونی لە نێوان ئەندامانی تیپەکە دروست کردووە.
خافی میگێل، رۆژنامەنووسی ئیسپانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی 'ئێل چیرینگیتۆ'ـدا ئاشکرای کردووە کە هەندێک لە یاریزانانی بارسێلۆنا پێیان باش نییە ئەندامانی خێزان و هاوبەشە ژیانییەکانی هاوتیپەکانیان لە گەشتە فەرمییەکانی تیپەکەدا لەگەڵیان بن، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئەم شێوازە نییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەنووسەکە بڵاویکردووەتەوە، ناو ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا لەم بابەتەدا دابەش بووە؛ بەشێک لە یاریزانان پێیانوایە گەشتەکانی یانەکە دەبێت تەنیا تایبەت بن بە یاریزانان، ئەندامانی کادری بەڕێوەبردن و سەرۆکی یانەکە، بەڵام بەشێکی دیکە هیچ کێشەیەک لە بەشداریی خێزانەکان و هاوڕێ و هاوبەشە ژیانییەکانی یاریزاناندا نابینن.
خافی میگێل ئاماژەی بەوەش کردووە کە نازانێت هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، لەم بارەیەوە چ بۆچوونێکی هەیە، بەڵام ئاشکرای کردووە بەشێک لە یاریزانانی تیپەکە پێیان باشترە گەشتە فەرمییەکان تەنیا تایبەت بن بە یاریزانان و بەرپرسانی یانەکە.
ئەو لەو بارەیەوە گوتی "نازانم فلیک ئەم شێوازەی پێ باشە یان نا، بەڵام کەسانێک لە ناو ژووری جلگۆڕینی تیپەکەدا هەن کە زۆر حەزیان لێی نییە. پێموایە فلیک هیچ کێشەیەکی لەگەڵ نییە، بەڵام هەندێک کەس پێیانوایە تەنیا یاریزانان و بەرپرسانی یانەکە و سەرۆکەکە دەبێت لە گەشتەکاندا بن، خێزانەکانیش دەتوانن لە کات و بارودۆخێکی دیکەدا بگەن و لەگەڵ یاریزانان کۆببنەوە، ئەمەش بە باشتر دەزانن".
ئەم قسانە بوونە هۆی گفتوگۆ لە نێوان بەشداربووانی بەرنامەکەدا. جۆسێپ پێدریرۆڵ، بەرگری لە بەشداریی خێزانەکان لەگەڵ یاریزانان کرد و وێنەیەکی لامین یامالی هێنایەوە کە هاوڕێکەی لە فڕۆکەی تایبەتی تیپەکەدا لەگەڵیدا بوو، بەوەی ئەم دیمەنە شتێکی جوان و خۆشە، بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی 'ئێل دیسمارک' گواستییەوە.
لە بەرامبەردا، خۆسێ رامۆن سانداڤاڵیش هەمان بۆچوونی هەبوو و لە گرنگیی ئەم ناکۆکییەی کەم کردەوە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێکجار کاتێک تیپەکە یارییەکانی دەدۆڕێنێت، وردەکارییەکانی ئەم جۆرە دەبنە بابەتی رەخنە و گفتوگۆ، بە جۆرێک بەشداریی هاوبەشە ژیانییەکان و ئەندامانی خێزان دەبێتە بابەتی مشتومڕ، لەکاتێکدا بەخۆی هیچ کێشەیەک نییە.
سانداڤاڵ گوتی "پێموایە هیچ کێشەیەک لە گەشتی خێزانەکاندا نییە".
لامین یامال یەکێکە لەو ناوانەی زۆرترین پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەیە، چونکە لە گەشتەکانی تیپەکەدا زۆرجار لەگەڵ دوو هاوڕێی نزیکی خۆی، موها (کوڕی مامەکەی، محەممەد) و سوها (سوهەیب، هاوڕێی نزیکی)، هەروەها هاوبەشە ژیانەکەی ئینێس دەردەکەوێت.
بەشداریی ئەم کەسانە لە گەشتەکانی تیپەکەدا سەرنجی میدیاکانی راکێشاوە، هەرچەندە ناکۆکییەکە لەناو ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا تەنیا پەیوەست بە دۆخی یامال نییە.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە کە ئاماژە بەوە بکات بارسێلۆنا نیازی گۆڕینی سیاسەتی خۆی هەبێت سەبارەت بە گەشتی خێزانی یاریزانان لەگەڵ تیپەکەدا.
بارسێلۆنا، کە 33 خاڵی هەیە، خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی یارییەکانی لالیگا ئامادە دەکات و ئەمڕۆ یەکشەممە لە یاریگای کامپ نو میوانداریی ڤیاڕیال دەکات، لە چوارچێوەی گەڕی 13ـی لالیگادا، بەمەبەستی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە.




