رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید بڕیاری خۆی لەبارەی ئەگەری گەڕاندنەوەی یاریزانی ئەرجەنتینی، نیکۆ پاز، ئەستێرەی یانەی کۆمۆی ئیتاڵی، بۆ هاوینی داهاتوو یەکلاکردووەتەوە.
بەپێی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، نیکۆ پازی تەمەن 22 ساڵ، یەکێکە لە دیارترین یاریزانەکانی کۆمۆ، هەروەها زۆر کەس لە ئەرجەنتین بە جێگرەوەی لیۆنێل مێسی دەیبینن بۆ لەبەرکردنی ژمارە 10ـی هەڵبژاردەی نیشتمانی.
ئەم یاریزانە ناوەڕاستکارە بە ئاستێکی زۆر باش دەدرەوشێتەوە و ریال مەدرید دەبێت لە هاوینی داهاتوودا بڕیارێکی گرنگ لەبارەی داهاتووی بدات.
لە هاوینی رابردوودا، ریال مەدرید،کۆمۆ و نیکۆ پاز رێککەوتنێکیان کرد، کە بەهۆیەوە یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لە وەرزی 2026-2027 لە کۆمۆ دەمێنێتەوە.
بەپێی ئەو رێککەوتنە، کە لەسەر داواکاریی خودی یاریزانەکە ئەنجام دراوە، ریال مەدرید مافی ئەوەی بۆ خۆی پاراستووە کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە نیکۆ پاز بگەڕێنێتەوە بۆ وەرزی 2027-2028.
کۆمۆ 60 ملیۆن یۆرۆی بە ریال مەدرید داوە بەرامبەر بە 50٪ـی مافی یاریزانەکە، لەکاتێکدا لەساڵی 2024 بە 6 ملیۆن یۆرۆ 50٪ـی دیکەی مافی یاریزانەکەی بەدەستهێنابوو.
بەمشێوەیە، لەڕووی مافەکانی یاریزانەکەوە کۆمۆ خاوەنی 100٪ـە، بەڵام ریال مەدرید بژاردەی کڕینەوەی بە 80 ملیۆن یۆرۆی هەیە، کە لە تەممووزی 2027 کۆتاییدێت. واتا مێرینگێ تاوەکو مانگی 7ـی ساڵی داهاتوو دەتوانێت سەرپشک بێت لەوەی یاریزانەکە بەو نرخە بکڕێتەوە، بەڵآم دوای ئەو وادەیە ریال مەدرید هیچ مافێکی نامێنێت و یانە ئیتاڵییەکە دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی و بەو نرخەی حەزی لێیە بیفرۆشێت بە هەر یانەیەک یان بۆخۆی بهێڵێتەوە.
ئەگەر ریال مەدرید ئەم دەرفەتە نەقۆزێتەوە، نرخی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە بۆ هەر یانەیەکی دیکە، تەنانەت خودی ریال مەدریدیش، بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کارگێڕیی ریال مەدرید بۆ رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە یانەی شاهانەی ئیسپانیا ئامادەیە مەرجی 80 ملیۆن یۆرۆییەکەی جێبەجێ بکات و نیکۆ پاز لە هاوینی داهاتوودا بگەڕێنێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمانە هەواڵ و زانیارییە بڵاوکراوەکانیان و دەبێت چاوەڕێی بڕیاری فەرمی ریال مەدرید بین.




