رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا بە فەرمی توانی بڕی 300 ملیۆن یۆرۆ وەک پاڵپشتییەکی دارایی گەورە دابین بکات، بە مەبەستی تەواوکردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگای کامپ نو.
بەپێی زانیارییەکان، یانە کەتەلۆنییەکە رەزامەندیی فەرمیی لە لیژنەی نیشتمانیی بازاڕی کاغەزە داراییەکانی ئیسپانیا (CNMV) وەرگرتووە بەر لە راگەیاندنی ئەم هەنگاوە، کە رێگە بە کارگێڕی دەدات بەبێ دواکەوتن کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگای کامپ نو بەردەوامی پێبدات. بۆ جێبەجێکردنی ئەم مامەڵە داراییە گەورەیەش، بارسێلۆنا پشتی بە بانکی جیهانیی "گۆڵدمان ساکس" بەستووە وەک رێکخەری سەرەکیی پرۆسەکە.
یاریگای کامپ نو ناوەندی سەرەکیی پڕۆژەی گەورەی "ئیسپای بارسا"ـیە؛ کارگێڕیی یانەکە دووپاتیکردووەتەوە کە ئەم بڕە پارەیە پێویستییەکی سەرەکییە بۆ تەواوکردنی تەواوی ژێرخانی دەوروبەری یاریگاکە. دوای تەواوبوونی سەرجەم قۆناخەکانی نۆژەنکردنەوە، کامپ نو دەبێتە گەورەترین یاریگای تۆپی پێ لە تەواوی کیشوەری ئەورووپادا لە رووی دابینکردنی شوێنی هاندەران.
بەشێکی سەرەکیی ئەم بڕە پارە نوێیە تەرخان دەکرێت بۆ تەواوکردنی بەشەکانی ناوەوەی یاریگا و دروستکردنی شوێنە تایبەتەکانی میوانداری، تاوەکو ئەزموونێکی مۆدێرن پێشکێشی هاندەران بکرێت و داهاتی ساڵانەی یانەکە لە یاریگای نوێدا بگاتە بەرزترین ئاست.



