رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو یاریی لووتکەی خولی نایابی تۆپی پێی تورکیا (سوپەرلیگ)، لە نێوان گاڵاتەسەرای یەکەم و ئامەدسپۆری دووەمی خولەکە بەڕێوەدەچێت، یارییەکە دەبێتە گرنگترین رووبەڕووبوونەوەی تاوەکو ئێستای خولەکە لە وەرزی ئەمساڵدا، چونکە هەردوو یانەی خاوەن پلەی یەکەم و دووەمی ریزبەندی خولەکە کۆدەکاتەوە.
یانەی گاڵاتەسەرای خاوەن 25 خاڵ و یانەی ئامەدسپۆری خاوەن 23 خاڵ، کاژێر 19:00ی شەممەی داهاتوو، لە گەڕی یانزەی سوپەرلیگ، لە یاریگای رامس پارک لە ئیستەنبووڵ، رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
یارییەکە تەنیا رووبەڕووبوونەوەی دوو یانە نییە، بەڵکو چاوەڕوانییەکی گەورەی هەردوو یانە و هاندەرەکانیانە و یاریی یەکلاییکردنەوەیە لە نێوان یەکەم و دووەمی خولەکە.
گاڵاتەسەرای کە پێشتر 27 جار نازناوی سوپەرلیگی بەدەستهێناوە، بەپاڵپشتی هاندەرەکانی، میوانداریی ئامەدسپۆر دەکات، کە یەکەمجارە لە مێژوودا خۆی لە خولەکەدا دەبینێتەوە.
ئاست و خاڵەکان
یانەی گاڵاتەسەرای لە 10 یاریدا 25 خاڵی کۆکردووەتەوە و پێشەنگی خولی نایابی تورکیای گرتووە.
یانەی ئامەدسپۆر لە 10 یاریدا 23 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی دووەم دێت.
یانەکانی ترابزۆن سپۆر و بێشکتاش بە 22 خاڵ و 19 خاڵ پلەکانی سێیەم و چوارەمیان گرتووە.
گاڵاتەسەرای و ئامەدسپۆر بەر لە رووبەڕووبوونەوە
گاڵاتەسەرای
• لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بە ئەنجامی4-0 لە کۆنیاسپۆری بردەوە.
• بە ئەنجامی 2-1 لە فەنەرباخچەی بردەوە.
• لە ماوەی رابردوودا بەتوانایی هێڵی هێرشبردنی گاڵاتەسەرای بووەتە جێی سەرنج.
• ئۆکان بورووک راهێنەری یانەی گاڵاتەسەرایە
• بەهای یاریزانانی گاڵاتەسەرای نزیکەی 313 ملیۆن یۆرۆیە.
ئامەدسپۆر
• لە دوایین یارییدا بە ئەنجامی 5-1 لە ئەیوب سپۆری بردەوە
• لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا 2-1 لە سامسون سپۆری بردەوە.
• بە ئەنجامی 3-2 لە بێشیکتاشی بردەوە.
• هەر شەش یاریی نێو یاریگای خۆی بردووەتەوە
• بێسنیک هاسی راهێنەری ئامەدسپۆرە
• بەهای یاریزانانی ئامەدسپۆر نزیکەی 33 ملیۆن یۆرۆیە.
دوو سەرەڕمی نایجیریایی
ڤیکتۆر ئۆسیمێن، سەرەڕمی یانەی گاڵاتەسەرای و گیفت ئۆربان، سەرەڕمی یانەی ئامەدسپۆرە کە هەردووکیان نایجیریایین، هەریەکەیان بە تۆمارکردنی نۆ گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی سوپەرلیگیان گرتووە. گیفت ئۆربان چوار ئەسیست و ڤیکتۆر ئۆسیمێن سێ ئەسیستی هەیە.
ئۆسیمێن لە 1998 لەدایکبووە و تەمەنی 27 ساڵە. باڵای 185 سانتیمەترە.
هەروەها گیفت ئۆربان لە 2002 لەدایکبووە و تەمەنی 24 ساڵە. هەروەها باڵای 178 سانتیمەترە.
هەریەک لەو دوو یاریزانە هێرشبەری مەترسیدارن و توانای بڕینی هیڵی بەرگری و سوودوەرگرتن لە هەلەکانیان هەیە.
ئەو یاریزانانەی ناتوانن یاریی بکەن
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان ساموێل بالێ، یاریزانی ئامەدسپۆر کە لە دوایین یاریدا سێ گۆڵی تۆمارکرد، بەهۆی ئەوەی کارتی سووری وەرگرت، لە یارییان بەرامبەر گاڵاتەسەرای ناتوانێت یاری بکات. دیلهان دەمیر، یاریزانی باڵی راستی ئامەدسپۆریش، بەهۆی پێکانەوە یاری ناکات.
هەروەها عەبدولکەریم بارداکچی، یاریزانی یانەی گاڵاتەسەرای بەهۆی ئەوەی کارتی وەرگرتووە، ناتوانێت لە یارییەکەی بەرامبەر ئامەدسپۆر یاری بکات.
یارییەکی چارەنووسساز
یارییەکە بۆ هەردوو یانە دەکرێ خاڵی وەرچەرخان بێت، گاڵاتەسەرای پێشبینیکراوبوو لە یاریی چوون و هاتندا رووبەڕووی ئامەدسپۆر ببێتەوە، بەڵام چاوەڕواننەکراو، ساتی بەریەککەوتنی نێوان هەردوو یانەیە لە خولەکەدا.
گاڵاتە کە یەکەمە پێشبینی نەدەکرد کاتێک میوانداریی ئامەدسپۆری کەم ئەزموون لە خولەکەدا دەکات، ئەو یانەیە لە دووەمی ریزبەندییەکە بێت، ئەمە هاوکێشەی یارییەکەی زۆر گۆڕیوە.
بردنەوەی هەریەک لەو دوو یانەیە، ئاراستەی وەرزەکە دەگۆڕێت، گاڵاتە بەبردنەوەی یارییەکە، جیا لەوەی یەکێک لە رکابەرە راستەوخۆکانی تێدەپەڕێنێت، جیاوازیی خاڵەکانیشی لەگەڵدا دەکاتە پێنج خاڵ و ئەوەش پەراوێزێکی باشتری لە مامەڵە لەگەڵ یارییەکانی داهاتوودا دەداتێ.
ئەگەر ئامەدسپۆر بتوانێت لە نێو ئیستەنبووڵدا، گاڵاتەسەرای دووچاری شکست بکات، جیا لەوەی پێشەنگی ریزبەندییەکە لەو یانەیە وەردەگرێتەوە، پاڵنەرێکی دەروونیی زۆر بەهێز وەردەگرێت و دەکرێ خۆی وەک رکابەری سەرەکی لەسەر نازناوی خولەکە، ببینێتەوە.




