رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ریال مەدرید دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا گاڵتە بە سەرکردەی پێشووی چین ماو تسی تۆنگ دەکات، رووبەڕووی قەیرانێکی دیپلۆماسی و بازرگانیی گەورە لە چین بووەوە و ناچارکرا داوای لێبوردنی فەرمی بکات.
کێشەکە کاتێک دەستیپێکرد کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئێمباپێ بڵاوبووەوە باسی لە وێنەیەکی تەنزئامێز دەکرد کە وێنەی دەموچاوی خۆی خرابووە سەر جەستەی ماو تسی تۆنگ و بە "دیکتاتۆری چینی" ناوی برد، ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو نازناوەی لە سەردەمی یارییکردنی لە پاریس سانجێرمان پێی دەگوترا.
لە ماوەی چەند کاژێرێکدا شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتی لە چین دروستبوو و یاریزانەکە تۆمەتبارکرا بەوەی هەستی گەلی چینی بریندار کردووە.
کاردانەوەکان بە خێرایی پەرەیانسەند؛ تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتی چین پەخشی یارییەکانی لالیگای لە خشتەی بەرنامەکانی هەڵپەسارد، کۆمپانیا بازرگانییە چینییەکان گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئەو ئەستێرەیە هەڵوەشاندەوە کە بەهاکەیان دەگاتە 30 ملیۆن دۆلاری ساڵانە، هەروەها فیدراسیۆنی تۆپی پێی چین ناڕەزایەتییەکی تووندی گەیاندە یانەی ریال مەدرید.
لە بەرامبەر ئەم گوشارە گەورانەدا، ئێمباپێ لە راگەیەنراوێکدا داوای لێبوردنی کرد و گوتی "سەرنجەکەم بێبیرکردنەوە بوو و ئێستا تێدەگەم کە ئازاری زۆر کەسی لە چین داوە". دەستەی لالیگا و یانەی ریال مەدریدیش لە دوو بڵاوکراوەی جیاوازدا بە فەرمی داوای لێبوردنیان لە گەلی چین کرد، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چینیش لە وەڵامدا رایگەیاند کە داوای لێبوردنەکەی ئێمباپێ بە جیدی وەردەگرن.
ئەم رووداوە پێشانیدەدات مێژووی ماو تسی تۆنگ دوای نزیکەی 50 ساڵ لە کۆچی دوایی هێشتا لە چین هەستیارە، هەروەها مەترسی لە نێو بەرپرسانی لالیگا دروستکردووە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی خولی باسکەی ئەمریکا (NBA)، کە لە ساڵی 2019 بەهۆی لێدوانێکی سیاسی پەخشی یارییەکانی بۆ ماوەی شەش ساڵ لە بازاڕی چین راگیرا.




