رووداو دیجیتاڵ
لە بووڵتەنی وەرزشدا کە رۆژانە کاژێر 13:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، گرنگی بە یاریی یانە کوردستانییەکان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق درا و باس لە دۆخی خراپی هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ کرا.
لە سەرەتای بووڵتەنەکەدا، باس لە یاریی ئەمڕۆی یانەی هەولێر بەرامبەر یانەی موسڵ کرا، کە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران لە یاریگای فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت و یانەی گازی باکوور لە سلێمانی میوانداریی یانەی زەورا دەکات.
ئەنجامە خراپەکانی یانەی دهۆک و زاخۆ لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، باسکران و وڵات نەزیر، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەی زاخۆ لە بووڵتەنەکەدا میوان بوو.
سەرۆکی دەستەی هاندەرانی زاخۆ دەڵێت "یاریزانەکانی یانەکە تەنیا بۆ پارە یاریی دەکەن، بەڵام پێویستە بزانن کەسیان لە یانەی زاخۆ گەورەتر نین."
یانەی سەنحاریب، لە یاریی بالەی خانمان، بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک نازناوی خولی بالەی یانەکانی عێراقی بردەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ئەکاد بەدەستهێنا.
