رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک یانەی مێردین سپۆر بەدوای باشترکردنی ئەنجامەکانیدا دەگەڕێت و لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر یانەی بورساسپۆر یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی نۆیەمی خولی پلە یەکی تورکیا، یانەی مێردین سپۆر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر بورساسپۆر یاریی دەکات و دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی دوو یاریی رابردووی بەرامبەر هەردوو یانەی قەیسەری سپۆر و ئیدر بکاتەوە.
مێردین سپۆر لەم وەرزەی خولەکەدا تاوەکو ئێستا 3 بردنەوە، 3 یەکسانبوون و 2 دۆڕانی هەیە و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەیە، ئەمڕۆ ئێوارە لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات و دەیەوێت زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەند نزیکببێتەوە.
یانەی بورساسپۆر لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و لە 8 یاریی رابردوودا، 6 یاریی بردووەتەوە، لە یارییەکدا دۆڕاوە، لە یارییەکدا یەکسانبووە، تیپەکە خاوەنی 19 خاڵە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە.
عومەر سونمەز، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵکردنی یارییەکە لە بورسا رایگەیاند، بەبڕیاری شارەوانیی بورسا رێگە بە هاندەرانی یانەی مێردین سپۆر نادرێت لە یاریگادا ئامادەبن، بۆیە تیپەکەی باکووری کوردستان بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی رووبەڕووی یانەی بورسا سپۆر دەبێتەوە.
بورساسپۆر لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی لە یاریگای خۆی نەدۆڕاندووە، تەنیا یەک دۆڕاندنی هەیە و ئەویش بەرامبەر یانەی فاتیح کارامرۆگ بووە.




