رووداو دیجیتاڵ
کێشەکانی ریال مەدرید دوای سەرکەوتنە قورسەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال کۆتاییان نەهاتووە؛ وردەکارییەکانی راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکە سزای قورس و چاوەڕوانکراو بۆ ڤینی جونیۆر ئاشکرا دەکەن، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر بەشداریکردنی ئەو ئەستێرە بەرازیلییە لە یاریی کلاسیکۆی داهاتوو بەرامبەر بارسێلۆنا دروست دەکات.
رۆژنامەی 'موندۆ دێپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، راپۆرتی ئیسیدرۆ دیاز دێ مێڕای ناوبژیوانی یاریی ریال مەدرید و ڤیاڕیال ئاراستەی لیژنەی رێککاری کراوە و تێیدا بڕگەی قورس بەرامبەر ڤینی تۆمارکراوە، دوای ئەوەی لە خولەکی 71دا قژی سالیبای بەرگریکاری ڤیاڕیالی راکێشا و کارتی سووری راستەوخۆی پێدرا.
ناوبژیوان لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی "راکێشانی قژی یاریزانی رکابەر لە کاتی بەردەوامیی یارییەکەدا، بەبێ ئەوەی تۆپەکە لە ژێر کێبڕکێی هەردووکیاندا بێت"، ئەم دەستەواژەیەش دەرگا بۆ سزادانی ڤینی لە نێوان دوو بۆ چوار یاری دەکاتەوە.
کاردانەوە تووڕەکە کێشەکەی ئاڵۆزتر کرد
بەپێی یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانی، تەنیا کارتی سوورەکە سزای راگرتنی یارییەک یان دوو یاری بەپێی توندیی رووداوەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام بڕگەی دووەمی راپۆرتەکە بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
ناوبژیوان لە هەڵوێستی دوای کارتی سوورەکەدا نووسیویەتی "دوای کردنه دەرەوەی لە یاریگا، یاریزانەکە بە دەنگێکی بەرز و بە شێوازێکی شەڕەنگێزانە رووبەڕووی بڕیارەکەم بووەوە و بەرەو رووم هات، بە جۆرێک هاوڕێکانی لە یانەکەی ناچار بوون بیگرن".
سیناریۆکانی سزادانی ڤینی
لیژنەی رێککاری رۆژی چوارشەممە بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسێیەکە دەدات، بەپێی خوێندنەوەی یاسایی لە سێ سیناریۆدا سزاکە دیاری دەکرێت:
1. کەمترین سزا (2 یاری): راگرتنی بۆ یەک یاری بەهۆی کارتی سورەکە + یەک یاریی دیکە بەهۆی نەبوونی رێز لە بریاری ناوبژیوان.
2. سزای ناوەند (3 یاری): راگرتنی بۆ دوو یاری بەهۆی رەفتاری توندوتیژانە لە دەرەوەی بازنەی ململانێی تۆپەکە + یەک یاری بەهۆی ناڕەزایەتییە تووڕەکەی.
3. قورسترین سزا (4 یاری): دوو یاری بۆ رەفتاری توندوتیژانە + دوو یاری بۆ بێڕێزیکردن و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ناوبژیوان.
لە هەموو سیناریۆ ئامادەکراوەکاندا، ڤینی جونیۆر لانی کەم بۆ دوو یاری رادەگیرێت. بەمەش بە شێوەیەکی مسۆگەر یاریی کلاسیکۆ لەدەستدەدات، کە بڕیارە رۆژی 25ی ئەم مانگە لە یاریگای 'سپۆتیفای کامپ نو" بەڕێوەبچێت.




