رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ ئامادەیە و دەیەوێت سەرکردایەتیی ریال مەدرید بکات بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵ و تۆمارکردنی بردنەوەیەکی دیکە.
ریال مەدرید لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتی لالیگادا، کاژێر 22:00 لە یاریگای بێرنابیۆ میوانداریی ڤیاریال دەکات، ئەمە یەکێک لە یارییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم گەڕەی خولەکە دەبێت.
رۆژی هەینی کیلیان ئێمباپێ بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی ریال مەدریددا کرد و یاریزانەکە بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە، دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا تووشی پێکانبوو و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەڕایەوە مەدرید.
ریال مەدرید پێش وەستانی لالیگا، لە دوایین یارییدا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دێربیی پایتەختی دۆڕاند، لەم وەرزەدا تیپەکە دووجار دۆڕاوە و ئێستا لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە، بۆیە دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی ژمارەی خاڵەکانی بەرزبکاتەوە و بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
جگە لە ئێمباپێ، فێدریکۆ ڤاڵڤێردی و ئیبراهیما کۆناتێ، بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن و بەردەستن بۆ ئەوەی مۆرینیۆ لە یارییەکەدا پشتیان پێببەستێت.
ڤیاریال لەم وەرزەی لالیگادا 3 یاریی دۆڕاندووە، دوو بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە، ئێستا تیپەکە لە پلەی نۆیەمی ریزبەندە، ئەوان لە دەرەوەی یاریگای خۆیان یاریی دەکەن، بەڵام نایانەوێت زیاتر بەرەو دواوە بڕۆن.
جۆزێ مۆرینیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە دووپاتیکردەوە کە ئێمباپێ بۆ یارییەکە ئامادەیە و بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات.



