رووداو دیجیتال
یانەی هەولێر و سێ یانەی دیکەی عێراق لەم هەفتەیەدا دەچنە نێو وەرزێکی نوێی پاڵەوانێتییەکانی ئاسیا و کەنداو، ئەوەی تایبەت بێت بە یانەی هەولێر تیپەکە چاوی لە ئەنجامێکی باشە.
درێس زەردەکانی قەڵا و منارە بۆ یەکەمجار بەشداریی یارییەکانی جامی یانەکانی کەنداویان کردووە، تیپەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا یاریی لەگەڵ یانەکانی کازمەی کوێتی، ئیتیفاقی سعودی و عەجمانی ئیماراتی دەکات. رۆژی 14ـی ئەم مانگە یەکەم یاریی لە جامی کەنداو بەرامبەر یانەی عەجمان ئەنجام دەدات.
لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر. لەبارەی ئەرکی یانەکەی لەو پاڵەوانێتییەدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "کۆمەڵەیەکی هاوسەنگە بۆ هەمووان. یانەی ئیتیفاق لە ئاستێکی بەرزدایە و یانەی عەجمانیش زۆرباشە، یانەی کازمەش وەرزی ئەمساڵ رکابەری لە خولی ناوخۆیی کوێت دەکات، بەڵام ئێمە وەک یانەی هەولێر ئامادەین بۆ جامی کەنداو، پێموایە هیچ شتێکی باش بەئاسانی بەدەست نایەت، بەڵکو پێویستی بە هەوڵ و یەکدەستی و ماندوێتییە بۆ ئەوەی ئەنجامی باش بەدەستبهێنین".
یانەی هەولێر لە یاریی رابردوویدا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق نەیتوانی بردنەوە بەدەستبینێت و بەگۆڵێک لەگەڵ یانەی نەفتی میسان یەکسانبوو، تیپەکە جارێکی دیکە لەسەر داوای راهێنەر لە چاوی میدیاکان دوورە، ئەمڕۆ کاژێر 15:00ـی عەسر راهێنان دەکات و سبەی نیوەڕۆ لە رێگای فڕۆکەخانەی هەولێر گەشتی ئیمارات دەکات.
زەورا هاوشانی هەولێر بەشداریی جامی یانەکانی کەنداوی کردووە، نەورەسەکانی بەغدا رۆژی 13ـی ئەم مانگە لە شاری دەوحە یاریی لەگەڵ یانەی قەتەر دەکەن. زەورا بریندارە و یاریی رابردووی بەیانەی دهۆک بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاند و هاندەرانیان نیگەرانن.
یانەی جەوییە پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی 12ـی ئەم مانگە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا، بە میوانداریکردنی یانەی عەینی ئیماراتی دەچێتە نێو ململانێیەکی نوێی ئاسیاوی، یارییەکە لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە بەڕێوەدەچێت، بڕیارە ئەمڕۆ شاندی تیپە ئیماراتییەکە بگاتە دوایین شاری باشووری عێراق.
یانەی شورتە وەک نوێنەری دووەمی عێراق لە چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا یاری لەگەڵ یانەی بەنگال دەکات. شورتە دوێنێ گەشتی وڵاتی هیندستانی کرد و ئەمڕۆ دەست دەکات بە ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە.



