رووداو دیجیتاڵ
یانەی قامیشلۆ سپۆرت خۆی بۆ قۆناخی یەکەمی خولی نایابی سووریا ئامادە دەکات کە تێیدا 13 یاری ئەنجام دەدات. ئەگەر یاریگا سەرەکییەکەیان تەواو بکرێت، دوای 22 ساڵ ئەمە دەبێتە یەکەمین جار کە یارییەکی ئاستی باڵای سووریا لە شاری قامیشلۆ بەڕێوە بچێت.
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی یانەی قامیشلۆ سپۆرت، مەعەن ئەلحیواری لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو، کارنامەی تیپەکەی لە خولەکەدا ئاشکراکرد و رایگەیاند "لە قۆناخی چووندا 13 یاریمان هەیە. یاریی یەکەممان سبەی لە دێرەزوورە بەرامبەر یانەی ئەلوەحدە، دووەمیان بەرامبەر ئەلجەیشە و سێیەمیشیان بەرامبەر ئەلکەرامەیە".
کێشەی یاریگا و خواستی گەڕانەوە بۆ قامیشلۆ
سەبارەت بە شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکان، ئەلحیواری روونیکردەوە کە بەهۆی تەواونەبوونی یاریگای 12ـی ئادار لە قامیشلۆ، ئەوان ناچارن یاریی یەکەمیان لە پارێزگای دێرەزوور ئەنجام بدەن و گوتی "لیژنەی پسپۆڕ، کە لەلایەن فیدراسیۆنی وەرزشییەوە راسپێردرابوو سەردانی ناوچەکەی کرد و رایگەیاند کە چیمەنی یاریگای 12ـی ئادار هێشتا ئامادەنییە. ئێمە هیواخوازین تاوەکو گەڕی سێیەم بەرامبەر ئەلکەرامە یاریگاکە ئامادە بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە شاری خۆمان و لە بەردەم هاندەرانماندا یاری بکەین".
ئەگەر ئەمە بێتەدی، دوای 22 ساڵ دەبێتە یەکەمین جار کە یارییەکی فەرمیی خولی نایابی سووریا لەسەر ئاستی شارەکە و لە یاریگای 12ـی ئاداردا بەڕێوە بچێت.
بەرپرسی راگەیاندنی یانەکە هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا ئەوان تاکە نوێنەری پارێزگای حەسەکەن لە خولی نایابدا و گوتی "هیواخوازین لە رۆژانی داهاتوو یان وەرزی داهاتوودا یانەی جیهادیش بگەڕێتەوە نێو ریزی خولی پلە نایاب. سەبارەت بە رەوشی دارایی، پاڵپشتیی تیپەکە تەنیا لە لایەن دۆستان و لایەنگرانی وەرزشەوە دەکرێت".
مێژووی یانەی قامیشلۆ سپۆرت
یانەی قامیشلۆ سپۆرت کە پێشتر بە ناوی 'یانەی هیلال' دەناسرا، لە ساڵی 2022 دامەزرا. یانەکە لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاوی گەورەی هاویشت و توانی لە خولەکانی پلە دوو و پلە یەکدا سەربکەوێت.
لە وەرزی 2023-2024 تیپەکە سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا و توانی سەربکەوێت بۆ خولی نایابی سووریا. دوای ئەم سەرکەوتنە، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی گشتیی وەرزشیی شارەکە بکات، کارگێڕیی یانەکە بڕیاریدا ناوی لە 'هیلال'ەوە بگۆڕێت بۆ 'قامیشلۆ سپۆرت' و بەم ناسنامە نوێیە مێژووی وەرزشیی ناوچەکە نوێ بکاتەوە.


