رووداو دیجیتاڵ
فابیۆ سیلڤا، هێرشبەری یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند دوای سەرەتایەکی بەهێز لە بۆندێسلیگا، بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و خۆرخێ جێسوسەوە بووەتە یەکێک لە سوودمەندە سەرەکییەکان لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال.
بەجێهێشتنی کەمپی پۆرتوگال لەلایەن کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دوای یەدەگبوونی لە یارییەکانی نەیشنزلیگ، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ فابیۆ سیلڤای تەمەن 24 ساڵان رەخساند تاوەکو لە پێکهاتەی هێرشبەرانی هەڵبژاردەکەدا هەلی بۆ برەخسێت. سیلڤا کە رۆناڵدۆ بە هاندەری یەکەمی خۆی دەزانێت گوتی "هەمیشە دەمویست دەرفەتم هەبێت فێربم لێیەوە، ئەو کەسێک بوو ئیلهامی پێبەخشیم لە منداڵییەوە"، ئێستا ئامادەکاری دەکات تاوەکو لە یاریگەی دراگاو بەرامبەر نەرویج دووەم یاریی نێودەوڵەتی خۆی ئەنجام بدات.
ئەم پێشکەوتنە لە کاتێکدایە سیلڤا لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتمۆند لەژێر سەرپەرشتی نیکۆ کۆڤاچ ئاستێکی بەرزی پێشکێش کردووە؛ لە یاری بەرامبەر هۆفنهایم دوای هاتنە نێو یاریگە بە تۆمارکردنی گۆڵێک رۆڵی سەرەکی بینی لە گۆڕینی ئەنجامی یارییەکە لە دۆڕانی 0-2 بۆ بردنەوەی 3-2، هەروەها هەفتەی دواتریش لە بردنەوەی 3-0 بەرامبەر پادێربۆرن گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد تاوەکو دۆرتمۆند بە چوار بردنەوە بچێتە پێشەنگی بۆندێسلیگا.
لە گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا، ریال بێتیس هەوڵی گواستنەوەی سیلڤای دابوو بە شێوازی خواستن، بەڵام بەرپرسانی دۆرتمۆند داوای 22.5 ملیۆن یۆرۆیان دەکرد کە هاوتای نرخی کڕینی بوو لە ولڤەرهامپتۆن لە هاوینی 2025 و رێککەوتنەکە نەکرا. سیلڤا کە تاوەکو ساڵی 2030 گرێبەستی لەگەڵ دۆرتمۆند هەیە، هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی پێگەی لە ئاستی یانە و هەڵبژاردەی نیشتمانیدا چڕکردووەتەوە.




