رووداو دیجیتاڵ
پاش دۆڕاندنێکی قورس بەئەنجامی 0-7 لە بەرامبەر ئینگلتەرا، هەستی تووڕەیی و شۆک بەسەر هەڵبژاردەی کرواتیادا زاڵ بوو. ئەمە گەورەترین دۆڕانی مێژووی کرواتیایە، بۆیە کاپتن لۆکا مۆدریچ لێدوانی تووندی دا و رەخنەی لە ئاستی یاریکردنیان گرت و رایگەیاند "ئەوەی روویدا شایەنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی نییە".
مۆدریچ، کە دوای ئامادە نەبوونی لە یاریی ئیسپانیا گەڕایەوە بۆ پێکهاتەی سەرەکی، دوای یارییەکە گوتی: "دژوارە روونکردنەوەیەک بۆ ئاستێکی وا بدۆزیتەوە، بەبێ ئەوەی باس لە هەڵە و تووندوتیژی و نەبوونی یەکگرتوویی نەکەین. بیست ساڵە لێرەم، بەڵام بۆ یەکەمجار دوای یاریەک هەست بە شەرمەزاری دەکەم".
کاپتنی کرواتیا زیاتر گوتی "دۆڕان هەر دەبێت، چونکە ئینگلتەرا ئێستا لە ئێمە باشترە، بەڵام دۆڕان بەم شێوەیە و لەکەدارکردنی ناوبانگێک کە لە ساڵانێکی زۆردا بنیاتمان ناوە، قبوڵکراو نییە. زۆر شەرم لەخۆم دەکەمەوە".
مۆدریچ بەردەوام بوو لە رەخنەگرتن لە ئاستەکەیان و گوتی "ناکرێت تۆپی پێ بەم شێوەیە بکرێت. هەستمان دەکرد 4 یان 5 یاریزانمان کەمە. شەوێکی کارەساتبار بوو، نابێت لۆمەی یەکدی بکەین یان بەدوای تاوانبارێکدا بگەڕێین، بەڵکو دەبێت یەک بگرین".
کرواتیا لە یاریی داهاتوودا رووبەڕووی ئیسپانیا دەبێتەوە، مۆدریچ دەزانێت ئەمە دوای ئەم دۆڕانە قورسە و گوتی "دەبێت یەکبگرین، چونکە یارییەکی قورسی دیکەمان چاوەڕێیە. دەبێت رەسەنایەتی خۆمان نیشان بدەین، هەروەها ناڕەزایی و شانازی و ئارەزوو و ویست و یەکگرتوویی. یاریکردن بەم شێوەیە قبوڵ نییە".
ئەفسانەکەی کرواتیا هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "ئەمڕۆ تەنانەت لە بەرامبەر تیپێکی پلەی سێیەمیش دەدۆڕاین".
تووڕەییەکە تەنیا مۆدریچی نەگرتەوە، چونکە سلاڤین بیلیچ، راهێنەری هەڵبژاردەی کرواتیا، بەرپرسیارێتی دۆڕانەکەی خستە ئەستۆی خۆی و گوتی "کرواتیا شایەنی ئەمە نییە. بەرپرسیارێتییەکە لەسەر منە؛ من راهێنەرم و ئەمە هەڵبژاردەی وڵاتەکەمە. هەموو شتێک شیدەکەینەوە، بەڵام هەندێک شت قبوڵ کراو نییە".
بیلیچ جەختی کردەوە کە یاریی ئیسپانیا دەرفەتێکە بۆ گەڕاندنەوەی کەسایەتی هەڵبژاردەکە و گوتی "هیچ رێگایەکمان نییە بۆ پێشڕەویکردن جگە لە نیشاندانی ئاستێکی باش لە بەرامبەر ئیسپانیا. ئاسانە پۆزەتیڤ بین کاتێک شتەکان باش دەڕۆن، بەڵام ئێستا کاتی گونجاوە بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی و کەسایەتیمان".
راهێنەری کرواتیا بەوە کۆتایی بە قسەکانی هێنا "گاڵتەجاڕییە بڵێین بەهەر شێوەیەک بێت لە ئیسپانیا دەبەینەوە، بەڵام دەبێت کرواتیایەکی بەهێز و بوێر نیشان بدەین".




