رووداو دیجیتاڵ
بووڵتەنی وەرزش، کە کاژێر 13:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، ئەمڕۆ لەنێو بووڵتەنی باکووری کوردستان کاژێر 15:30 پێشکێشکرا و تایبەت بوو بە یاریی ئامەدسپۆر و بێشکتاش.
لە بووڵتەنەکەدا، باس لە دوایین ئامادەکارییەکانی ئامەدسپۆر بۆ ئەم یارییە گرنگ و بەهێزە کرا کە کاژێر 20:00 لە ئامەد بەڕێوەدەچێت.
زانیارییەکانی تایبەت بە هەردوو یانە، بە گرافیک پێشاندران، بەتایبەت کە ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا لە یاریگای خۆیدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆمار بکات.
لە بووڵتەنەکەدا عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو لەبەردەم یاریگای ئامەدسپۆر باسی لە هاتنی هاندەران لە هەموو شارە جیاوازەکانی باکووری کوردستان کرد بۆ پاڵپشتیکردنی یانەی ئامەدسپۆر.
موراد کایا، شرۆڤەکاری وەرزشی میوانی بووڵتەنەکە بوو و پێشبینی بردنەوەی ئامەدسپۆر دەکات لە یارییەکەدا.
