رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا ئاستی خواستەکانی یانەکەی بەرزکردەوە و دووپاتیکردەوە کە تیپەکە ئامانجی بردنەوەی هەموو شتێکە و دڵنیابوونی خۆی لەوە نیشاندا کە پاڵپشتیکردنی یاریزانان و ستافی راهێنەرایەتی یانەکە دەبێتە هۆی گەیشتن بەئامانجەکانی.
لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، لاپۆرتا گوتی "ئامانجمان بردنەوەی هەموو شتێکە، دڵنیام ئەگەر پشتگیریی تیپەکە و ستافی راهێنەرایەتی بکەین، ئەوا بەدەستی دەهێنین".
ئاماژەی بەوەشکرد "پێکەوە سەرکەوتوو بووین لە گەڕاندنەوەی هێزی ئابووری یانەکە؛ پێکەوە، بەرگریمان لە بارسێلۆنا کردووە و پێکەوە، بەردەوام دەبین لە بنیاتنانی باشترین یانەی جیهان. ماندوو نابین، چونکە خۆشەویستی بارسێلۆنا داوای کاری رۆژانە دەکات بۆ باشترکردنی. هیچ بوارێک نییە بۆ لەخۆڕازیبوون".
لاپۆرتا ئاماژەی بە رکابەرەکانی لە ئەورووپا و ئیسپانیا کرد و ئاماژەی بەوەدا "دەبێت خەیاڵ و بوێریمان هەبێت بۆ ئەوەی لە پێش رکابەرەکانمانەوە بمێنینەوە، رکابەرەکان کە یان کۆمپانیا سنووردارە گشتییەکانن، خاوەندارێتی سندوقەکانی وەبەرهێنان و ویلایەتەکانن، یان یانەکان کە هەرکاتێک پێویست بوو یاریگاکانیان بەئاسانی پۆلێن دەکرێنەوە". ئەمەش ئاماژەیەکی روون بوو بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید (سندوقی وەبەرهێنان) و ریال مەدرید (پۆلێنکردنەوەی یاریگاکان).
سەرۆکی یانەکە ستایشی کارەکانی دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی و هانزی فلیکی راهێنەری یانەکەی کرد، هەروەها کوالیتی پێکهاتەکەی و رایگەیاند "هاوسەنگییەکی تەواو لە ژووری جلگۆڕین لەنێوان دەرچووانی لا ماسیا و یاریزانانی دیکەدا هەیە. تیپەکە بەشێوەیەکی نایاب بەڕێوەدەبرێت و بەهۆی کارەکانی دیکۆوە بەشێوەیەکی نایاب دروستکراوە؛ پێکهاتەیەکمان کۆکردووەتەوە کە ئەمڕۆ رێگەمان پێدەدات بڵێین ئامانجمان بردنەوەی هەموو شتێکە".
خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا، گەشبینییەکی گەورەی نیشاندا و رایگەیاند "ئێمە ئاواتمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی سێیەم نازناوی خول لەسەریەک، هەروەها جامی پاڵەوانێتییەکە و جامی سوپەریش؛ بەدڵنیاییەوە ئامانجمان بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ و ئەگەر پشتگیریی خۆمان بدەین بە تیپەکە، ئەوا ئەمە بەدەستدەهێنین، من بڕوام پێیەتی".
سەرۆکی بلاوگرانا لە کۆتاییدا گوتی "ئامانج بۆ ساڵانی داهاتوو ئەوەیە کە بەردەوام بین لە بردنەوە، پاراستنی پێگەی بارسێلۆنا وەک گەورەترین یانەی جیهان، هەروەها راستگۆیی لەگەڵ ئەوەی کە ئێمەین: یانەیەکی کەتەلۆنی کراوە بێت بەڕووی جیهاندا، یانەیەکی کە بەشدارە لە کردنی جیهان بەشوێنێکی باشتر و پابەند دەمێنێتەوە بە کەتەلۆنیا و کولتوورەکەمانەوە".




