رووداو دیجیتاڵ
رافینیای ئەستێرەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی بەرازیل، باسی لە زەحمەتییەکانی ژیانی منداڵیی خۆی کردووە، دەڵێ رۆژانێک بەسەر ژیانمدا هاتن، لە ژوورێکدا لەگەڵ سەگ و پشیلەکان دەخەوتم.
ئەستێرە بەرازیلییەکە، وەرزێکی ناوازە لەگەڵ یانەکەی بەسەردەبات و تاوەکو ئێستا، بەهۆی یارییکردنی لە هێرشبەری سەرەڕم، بەتۆمارکردنی نۆ گۆڵ، گۆڵکاری لالیگایە.
رافا روونیدەکاتەوە کە سەرکەوتنی ئەو بەئاسانی بەدەستنەهاتووە، بەڵکو قوربانییەکی زۆری بۆ داوە. ئەو پێیوایە لە بەرازیل و لە منداڵیدا فێری بەهاکان بووە، تاوەکو ئێستاش ئەو بەهایانە لە ناخیدان.
رافا گوتوویەتی لە ڤاڤێلا رێستینگا لە شاری پۆرتۆ ئالێگری، زوو لەوە تێگەیشت، فریادڕەس لەو دۆخەدا، تەنیا تۆپی پێیە، بەتایبەت یارییکردن لە ژینگەیەکی ئاڵۆزدا، قورساییەکی جیاوازی بە کاروانی ئەو بەخشی.
خێزان و تۆپ، ئەو دووانەیەبوون کە بوونە پەناگەی رافینیا لەو منداڵییە سەختەدا، ئەو وەکخۆی باسیکردووە، رۆژانێکی لە ژیانیدا بینی کە هەندێکجار رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بووەوە لە کاتی یارییەکاندا، رووداوێک کە دەکرێ لە ئیسپانیاش رووبدات، بەڵام وەکئەوەی ئەو دەڵێ، مەترسیداریی هەڕەشەکانی کوشتن لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی بەرازیل، لەوە ناچێت کە لە ئیسپانیا هەیە، لەبەرئەوە ئەوەی لە یاریگاکانی دیکەدا هەستیان پێدەکرێت، زۆر بچووکن بەراورد بەوەی لە بەرازیل هەن.
لە نێو ئەو کەشە تووندەدا، رافا لە ماڵەکەیاندا پەناگەی ئارامی دۆزییەوە، بەڵام چۆن؟ دەڵێ، "ماڵەکان زۆر بچووک بوو، هەمووان لە یەک ژووردا دەخەوتین، دایک و باوکم، برا بچووکەکەم، من و سەگ و پشیلەکان".
ئاژەڵە ماڵییەکان سوودیان هەبوو بۆ رافا، چونکە ئەوان بوونە هۆکاری سەرەکی بۆ ورەبەرزیی ئەو، ئەگەرچی برسێتی و بێپارەیی باڵادەست بوو، "سوپاس بۆ خوا کە ئاژەڵەکان لەگەڵماندابوون، ئەوان هەموو کات ورەی منیان بەرز دەکردەوە".
رافینیا لەسەر شەقامەکان خێزانێکی دیکەی هەبوو، ئەو خێزانە هاوڕێکانی بوون، "لە شەقامەکانی رێستینگا، تێدەگەیت کە ئەوان خێزانی دووەمتن، پێویستیان پێت دەبێت و تۆش پێویستیت بەوان دەبێت".
دۆخەکە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەیدا، دەگەیشتە ناچاربوون بە دابەشکردنی خۆراک لە نێوانیاندا، "زۆرینەی کات بەزەحمەت هەل دەڕەخسا بۆ ئەوەی خواردن بخۆین، ئەگەر هەر یەکێک لە هاوڕێکان کەمێک خواردنی شک ببردایە، دەبوو لەگەڵ ئەوانیدیکەدا بەشی بکات، لە دوای یارییەکان ئەگەر خواردنێک هەبووایە، ئیدی پێویست بەوە نەبوو بەبرسێتی بچینەوە ماڵەوە، پێکەوە دابەشمان دەکرد".
رافا، چیرۆکی هەژارییەکی بکوژ دەگێڕێتەوە، "هەندێکجار کەسمان خواردنمان پێنەبوو، زۆر برسی دەبووین، لەسەر جادە داوای خواردنمان لە هەندێک کەس دەکرد، ئەوان وایاندەزانی ئێمە دەمانەوێت دزییان لێبکەین، لە کاتێکدا ئێمە دوای یارییەکان زۆر برسی بووین، تەنیا دەمانویست تامی خواردنێک بکەین".
رافا و هاوڕێکانی بەهەموو شت رازیبوون، "بسکویتێک، پارچەیەک نان، یان هەر شتێک".
رافینیا لە هاوینی 2028 گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا کۆتایی دێت، ئەو دەڵێ لە ئێستاوە ئامادەم بۆ نوێکردنەوەی، راستگۆیانە بڵێم، هیواخوازم کاروانەکەم لە بارسا کۆتایی پێبهێنم.




