رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی کوردستانیی بەهێزدا لە سلێمانی، هەردوو یانەی گازی باکوور و نەورۆز رووبەڕووی یەکدەبنەوە، گازی باکوور دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و نەورۆز چاوی لە درێژەدانە بە ئەنجامە باشەکانی.
یارییەکە کاژێر 18:45 لە گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، یارییەکە لە یاریگای نەورۆز دەکرێت، بەڵام بە یاریگای گازی باکوور هەژمار دەکرێت، بەوپێیەی یانەکە یارییەکانی لە سلێمانی ئەنجامدەدات.
گازی باکوور یەک بردنەوەی لەم وەرزەدا تۆمارکردووە و لە دوو یاریی رابردوودا بەرامبەر یانەکانی دهۆک و شورتە یەکسانبووە، دەیەوێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە بکات.
پێش یارییە رەئفەت محەممەد، راهێنەری ئەو یانەیە دەڵێت "ئامادەکارییەکی باشمان کردووە، دەمانەوێت بەباشترین شێوە ئامادەبین، تیپەکە بەهۆی گەشتکردنی زۆرەوە هەست بە ماندووبوون دەکات، بەڵام یاریزانەکان بە رۆحیەتێکی بەرزەوە ئامادەن."
راهێنەری گازی باکوور زیاتر گوتی "رێز لە نەورۆز دەگرین، توانای ئەو یانەیە دەزانین و یارییەکە ئاسان نابێت."
یانەی نەورۆز لە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت، سێ یاریی رابردووی بردووەتەوە و چوار یارییە هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیک ببێتەوە.
پێش یارییەکە وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز دەڵێت "بەشێوەیەکی هاوسەنگ خۆمان بۆ هەموو یارییەکان ئامادەدەکەین، بەڵام خاڵی بەهێز و لاوازی تیپی بەرامبەر دەزانین. گازی باکوور تیپێکی باشە و لەڕووی بەرگرییەوە بەهێزە و بەرامبەر تیپی بەهێز خاڵی بەدەستهێناوە."
وەلی کەریم گوتی "داوا لە یاریزانەکان دەکەم لە ئاستی پێویستدابن و ئەرکەکانیان بەتەواوی جێبەجێ بکەن."




