رووداو دیجیتاڵ
زاخۆ دوای بردنەوەی لە یانەی موسڵ بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، لە خولی ئەستێرەکانی عێراق گەڕایەوە سەر رێگەی سەرکەوتنەکان.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 7ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر میوانداری یانەی موسڵی کرد.
یاریزانانی زاخۆ لە دەستپێکی یارییەکەوە بە گوشار دەستیانپێکرد و لە خولەکی 11 شێرزوود تێمیرۆڤ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ زاخۆ تۆمارکرد، ئەمەش دووەم گۆڵی بوو لەم وەرزەی خولەکەدا، پێش کۆتاییهاتنی گێمی یەکەمیش، لە خولەکی 44 ئەمجەد عەتوان گۆڵی دووەمی بۆ زاخۆ تۆمارکرد.
لە دەستپێکی گێمی دووەم، یانەی موسڵ هەوڵی کەمکردنەوەی جیاوازییەکەی دا و لە خولەکی 50 ئەندرێ سەناتێ تاکە گۆڵی موسڵی تۆمارکرد، بەڵام زاخۆ توانی تاوەکو فیکەی کۆتایی پارێزگاری لە پێشکەوتنەکەی بکات و یارییەکە 2-1 لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە.
زاخۆ بەم سەرکەوتنە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 9 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکە، لە بەرامبەردا یانەی موسڵ بە 8 خاڵ لە پلەی دوازدەهەم مایەوە.




