رووداو دیجیتاڵ
لە بووڵتەنی وەرزش، کە رۆژانە کاژێر 13:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، باس لە یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق و دەستپێکردنی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا کرا.
لە سەرەتای بووڵتەنەکەدا، باس لە یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و دیالە کرا، کە لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگای فرانسۆ هەریری رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو لە یاریگای فرانسۆ هەریری، بەشداریی لە بووڵتەنەکەدا کرد و رایگەیاند، کێشەی دابەشکردنی بلیتەکانی یارییەکە دابەشکراون و هاندەران دەتوانن بە ئاسانی بلیتی یارییەکە بەدەستبهێنن.
یاریی دێربیی کوردستان، لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و گازی باکوور، لە دهۆک بەڕێوەدەچێت و هەردوو یانە دەیانەوێت ئەنجامەکانیان لە خولەکەدا باشتربکەن، ئەمە بەشێکی دیکەی بووڵتەنەکە بوو.
چامپیۆنزلیگی وەرزی نوێ لەسەر ئاستی ئەورووپا دەستپێدەکات، باس لە رووبەڕووبوونەوە گرنگەکەی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئینتەرمیلان کرا کە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
