رووداو دیجیتاڵ
ئامەدسپۆر لە چوارەمین گەڕی خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ) بووە میوانی یانەی قاسم پاشا و یارییەکە بە ئەنجامی دوو گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتاییهات.
یارییەکە کاژێر 05:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 6-9-2026 لە یاریگەی یانەی قاسم پاشا لە ئیستەنبووڵ بەرێوەچوو. لە خولەکی 20ی یاریزان گوڤەن یاڵچن، گۆڵی یەکەمی بۆ قاسم پاشا تۆمارکرد.
ئەگەرچی یاریزانانی ئامەدسپۆر 63٪ کۆنترۆڵی تۆپیان بەدەستەوە بوو و گوشاری زۆریان بۆ تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون دەکرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و گێمی یەکەم بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندیی قاسم پاشا کۆتاییهات.
لە سەرەتای گێمی دووەمدا یاریزانانی قاسم پاشا چەند جارێک گوشاریان لەسەر گۆڵی ئامەدسپۆر دروستکرد و لە خولەکی 52'دا ئادریان بینیزاک گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ 2-0 گۆڕی.
راهێنەری ئامەدسپۆر یارییەکەی گۆڕی
گیفت ئۆربان، یاریزانی پیشەگەری نەیجیری کە ئەم وەرزە پەیوەندیی بە ئامەدسپۆرەوە کردووە و بە درێسی ژمارە (99) یاری دەکات، لە خولەکی 45 لە شوێنی هێرشبەر مبایێ جاگنێ چووە ناو یاریگا و تەنیا 14 خولەک دواتر، سوودی لە دەرچوونی گۆڵپارێزی قاسم پاشا وەرگرت و لە دوورەوە گۆڵی یەکەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
یارییەکە دوای ئەو گۆڵە گەرموگوڕتر بوو؛ یاریزانانی ئامەدسپۆر هەموو هەوڵێکیان بۆ تۆمارکردنی گۆڵ دەدا و قاسم پاشایش بە هەموو جۆرێک بەرگرییان دەکرد، بەڵام ئەو بەرگریکردنە نەیتوانی رێگری لە گیفت ئۆربان بکات و ئەو یاریزانە لە لە خولەکی 83'دا گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و ئەنجامی یارییەکەی گۆڕی بۆ 2-2.
لە یارییەکەدا هیچ کارتێکی سوور بەرزنەکرایەوە، بەڵام لە لە گێمی دووەمەوە و بەتایبەتیش لە خولەکەکانی کۆتاییدا حەوت کارتی زەرد بەرزکرانەوە کە پێنج کارت لە دژی قاسم پاشا و دوو کارتیشیان لە دژی یاریزانانی ئامەدسپۆر بوون. تەنیا لە خولەکی 90ی یارییەکەدا چوار یاریزانی قاسم پاشا کارتی زەردیان بەڕوودا بەرزکرایەوە.
ئامەدسپۆر لە پلەی سێیەمە
دوای ئەم ئەنجامە یانەی ئامەدسپۆر بە شێوەیەکی کاتی پلەی سێیەمی خولی نایابی تورکیای گرت.
یانەکانی گاڵاتاسارای و بێشکتاش کە ئەوانیش چوار یارییان کردووە، بە 10 خاڵ و 9 خاڵ لە پلەکانی یەکەم و دووەمن. ئامەدسپۆریش بە 7 خاڵ، بە شێوەیەکی کاتی لە پلەی سێیەمە.
یارییەکانی ئەم وەرزەی ئامەدسپۆر
ئامەدسپۆر لە گەڕی یەکەمی ئەم ساڵی خولی نایابی تورکیادا چوار یاریی کردووە.
لە یاریی یەکەمدا بە ئەنجامی 3-0 لە یانەی ئەرزەڕۆم سپۆری بردەوە.
لە یاریی دووەمدا بە ئەنجامی 2-0 بە کۆجائەلی سپۆر دۆڕا.
لە یاریی سێیەمدا بە 2-1 لە ترابزۆن سپۆری بردەوە و لە دوایین یاریشدا کە ئەمڕۆ بووە میوانی قاسم پاشا، بە دوو گۆڵ یەکسان بوو.




