رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەکەیدا بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە بەرامبەر ڤالێنسیا لە یاریگای میستایا ئەنجام دەدات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی یارییەکەی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەرامبەر فاینۆردی هۆڵەندی لە دەستپێکی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، چاوەڕوانییەکی زۆر هەیە کە رۆدری بۆ یەکەمجار وەک یاریزانی سەرەکی لە لالیگا یاری بکات، لەوەتەی لەم هاوینەدا لە مانچێستەر سیتییەوە پەیوەندی بە بارساوە کردووە.
بەشداریی رۆدری تاوەکو راددەیەک مسۆگەرە، پێشبینیش دەکرێت لەگەڵ پێدری لە هێڵی ناوەڕاستدا یاری بکات، لە هەمانکاتدا چاوەڕوان دەکرێت فێرمین لۆپێز لە شوێنی دانی ئۆڵمۆ بگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی سەرەکی.
بارودۆخی جەستەیی لامین یامال گەورەترین نیشانەی پرسیارە، دوای ئەوەی دوێنێ شەممە بەهۆی لێدانێکەوە بەشداری لە مەشقە بەکۆمەڵەکاندا نەکرد. فلیک چاودێری گەشەسەندنی دۆخەکەی دەکات پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات.
لە ئەگەری بڕیاردان لەسەر پشوودان بە یامال، کەریم ئادێیمی باڵە ئەڵمانییەکە دەبێتە جێگرەوەی.
سەبارەت بە رافینیا، بەشداریکردنی لە هێڵی هێرشبەریدا مسۆگەرە و بۆ یەکەمجاریش بەفەرمی نیشانەی کاپتنی لەدەست دەکات، دوای ئەوەی ئەنجامی دەنگدانەکە رۆژی هەینی پشتڕاستکرایەوە. هەروەها ئانتۆنی گۆردۆن لە باڵی چەپ یاری دەکات، دوای ئەوەی سەرەتایەکی زۆر بەهێزی هەبوو.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری لە هێڵی بەرگریشدا بکرێت، بە بەشداری جێرارد مارتن لە دڵی بەرگری چەپ و گەڕانەوەی ئێریک گارسیا بۆ پێکهاتەی سەرەکی لە لای راستی بەرگریدا.
ئێریک گارسیا بەهۆی سزادان (راگیران) لە یەکەم یاریی بارسێلۆنا لە خولی یانە پاڵەوانەکان بێبەش دەبێت.
لە هەمانکاتدا، لەوانەیە چاڤی ئیسپارت چوارەم یاری لەسەریەک لە پێکهاتەی سەرەکیدا ئەنجام بدات، کە ئەمە دەستکەوتێکە تەنیا خوان گارسیای گۆڵپارێز هاوبەشی پێ دەکات.




