رووداو دیجیتاڵ
یانەی باتمان پەترۆلسپۆر لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی بردنەوەیەکی دیکە و بەهێزکردنی پلەی یەکەمی ریزبەندە.
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولی پلە یەکی تورکیا، کاژێر 20:00 یانەی باتمان پەترۆلپسۆر لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی فاتیح کاراگومرۆک یاریی دەکات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
تیپەکەی ئێلهی باکووری کوردستان، بەهێزەوە چووەتە نێو رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولەکە و تاوەکو ئێستا لە دوای ئەنجامدانی پێنج یاریی، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بە چوار بردنەوە و یەکسانبوونێک 13 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی یەکەمی ریزنەندی خولی پلە یەکی تورکیایە.
یانەکە لە پێنج یارییدا 10 گۆڵی تۆمارکردووە، بە تێکڕای دوو گۆڵ بۆ هەر یارییەک، لەو پێنج یارییەدا چوار گۆڵی لێکراوە و لە دوو یارییدا گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە.
فاتیح کاراگومرۆک بە دوو بردنەوە، دوو یەکسانبوون و دۆڕانێک 8 خاڵی کۆکردووەتەوە، شەش گۆڵی کردووە و شەش گۆڵیشی لێکراوە، تیپەکە ئێستا لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.




