رووداو دیجیتاڵ
لە بووڵتەنی وەرزشدا کە رۆژانە کاژێر 13:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، باس لە چەند مژارێکی گرنگی وەرزشیی ناوخۆ کرا.
لە سەرەتای بووڵتەنەکەدا باس لە یاریی ئامەدسپۆر و قاسم پاشا کرا، کە لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی خولی تورکیا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت، راوین ستێرک، پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبوڵ لەنێو هاندەرانی ئامەدسپۆر بەشداریی لە بووڵتەنەکەدا کرد و هاندەرانی کەسک و سوور گەشبینن بەوەی تیپەکەیان ئەمڕۆ ئەنجامێکی باش بباتەوە.
باتمان پەترۆلسپۆر لە خولی پلە یەکی تورکیا، لەنێو یاریگا و هاندەرانی بەرامبەر یانەی فاتیح کاراگومرۆک یاریی دەکات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
لە بەشێکی بووڵتەنەکەدا باس لە کاردانەوەکانی کارتە سوورەکەی ئۆرینیۆ، یاریزانی بەرازیلی و یانەی زاخۆ کرا، دوای ئەوەی گرژی لەنێوان ئەو و یاریدەدەری ناوبژیوان روویدا.
ئەرسەلان قادر، ناوبژیوانی پێشوو و هەڵسەنگێنەری ناوبژیوانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق میوان بوو و رووداوەکەی لەڕووی یاساییەوە روونکردەوە.
