رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر توانی پێشەنگی ریزبەندی بپارێزێت و ململانێی یانەکان بۆ بەدەستهێنانی پلەکانی پێشەوە و پێشەنگی گۆڵکاران گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز.
هەولێر دوای ئەنجامدانی 5 یاری، بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵی +5 لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق ماوەتەوە. یانەی گەرەمە بە هەمان ژمارەی خاڵ و بە جیاوازی گۆڵی +4 لە پلەی دووەم دێت، ئەمەش وای کردووە ململانێی پلەی یەکەم بۆ گەڕەکانی داهاتوو بە کراوەیی بمێنێتەوە.
لە پلەی سێیەمدا یانەی زاورا بە 9 خاڵ و باشترین جیاوازی گۆڵ کە +8ـە دەبینرێت، لە کاتێکدا یانەی نەفت بە هەمان ژمارەی خاڵ و جیاوازی گۆڵی +5 لە پلەی چوارەم دێت. یانە کوردستانییەکانی دیکەش لە ناوەراستی ریزبەندیدان؛ نەورۆز بە 8 خاڵ لە پلەی پێنجەم و دهۆک بە 7 خاڵ لە پلەی نۆیەم دەبینرێن.
بارودۆخی یانە گەورەکان لەم وەرزەدا وەک پێویست نییە، یانەی جەوییە بە 4 خاڵ لە پلەی 16 دێت و یانەی تەڵەبەش بە 3 خاڵ لە پلەی 18 جێگیر بووە، یانەی کەرخیش بە تەنیا 1 خاڵ لە دوایین پلەی ریزبەندییەکەدایە. جیاوازی خاڵەکان لە نێوان پلەی سێیەم تاوەکو هەشتەم تەنیا 1 خاڵە، ئەمەش نیشانەی تووندی کێبڕکێی یانەکانە لەم وەرزەدا.
لەسەر ئاستی تاکەکەسی، سێف رەشید بە تۆمارکردنی 5 گۆڵ لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدایە و بە جیاوازی 2 گۆڵ لە پێش رکابەرەکانیەتی. لە دروستکردنی گۆڵیشدا، مستەفا محەممەد حەبر بە دروستکردنی 3 گۆڵ لە پلەی یەکەم دێت و ئیبراهیم باییش و عەلی شاخەوان بە 2 ئەسیست لە شوێنەکانی دواتر دێن.
خولی ئەستێرەکانی عێراق لەم وەرزەدا گۆڕانکاری زۆری بەخۆوە بینیوە و ئاستی یانەکان لە یەکدی نزیکن




