رووداو دیجیتاڵ
لە بووڵتەنی وەرزشدا کە رۆژانە کاژێر 13:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، گرنگی بە یاریی لووتکەی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و جەوییە درا و باس لە بردنەوەکانی باتمان پەترۆلسپۆر کرا.
لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی کاژێر 21:00 یانەی دهۆک لە یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی جەوییە یاریی دەکات، لە بووڵتەنەکەدا لێدوانی یەحیا گوڵمحەممەدی، راهێنەری دهۆک پێشاندرا.
وەحید رەشید، شرۆڤەکاری وەرزشی میوانی بووڵتەنی سامان بوو و باس لە ئامادەیی یانەی دهۆک و پێویستیی بردنەوەی یارییەکە دەکات.
شرۆڤەکارەکە پێیوایە، هێشتا راهێنەری یانەی دهۆک نەیتوانیووە بگاتە پێکهاتەیەکی سەرەکی و لەڕووی جەستەییەوە یانەکە کێشەی هەیە، بۆ یارییەکەی ئەمشەو زۆر گرنگە دهۆک یارییەکە بباتەوە بۆ ئەوەی متمانە بگەڕێنێتەوە و چاوەڕوانیی هاندەران کۆتایی بێت.
لە بەشێکی دیکەی بووڵتەنەکەدا باس لە ئەنجامە باشەکانی باتمان پەترۆلسپۆر کرا، کە لە خولی پلە یەکی تورکیا یاریی دەکات و هیچ یارییەکی لەم وەرزەی خولەکەدا نەدۆڕاندووە.
