رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک بەدوای یەکەم بردنەوەدا دەگەڕێت و دەیەوێت یەکەم سێ خاڵ لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بباتەوە، کاتێک بەرامبەر یانەی جەوییە یاریی دەکات.
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمشەو کاژێر 21:00 لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، هەزاران هاندەر دەچنە یاریگا بۆ ئەوەی پاڵپشتیی ئەلهویێن چیا بکەن، لەپێناو بەدەستهێنانی یەکەم سەرکەوتن لە وەرزەکەدا.
دهۆک لە چوار یاریی رابردوودا نەیتوانیووە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و لە هەر چوار یارییەکەدا یەکسانبووە، یانەی جەوییە پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی عێراقە، بەڵام ئەوانیش هیچ بردنەوەیەکیان نییە و لە هەموو یارییەکانیاندا یەکسانبوون.
دروشمی هەردوو یانە هەڵۆیە، دهۆک هەڵۆکانی چیان و جەوییە هەڵۆکانی بەغدان، هەردوو تیپ چاویان لەوەیە یەکەم بردنەوە تۆماربکەن.
یەحیا گوڵمحەممەدی، راهێنەری یانەی دهۆک پێش یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "هیوادارم یاریزانەکان لە رۆژی خۆیاندا بن و هەست بەو بەرپرسیارەتییە بکەن کە لەسەر شانیانە بۆ ئەوەی هاندەرانمان دڵخۆشبکەین و یارییەکە ببەینەوە."
راهێنەری یانەی دهۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "دەزانین یارییەکەمان زەحمەتە و بەرامبەر پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکەیە، بەڵام کاتی زۆرمان بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکە نەبووە و زیاتر کارمان لەسەر شیاندنەوەی یاریزانەکان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا چاومان لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە و دەمانەوێت سەرکەوتن بەدەستبهێنین."
لەلایەن خۆیەوە مەناف یونس، بەرگریکاری یانەی دهۆک دەڵێت "بەرپرسیارەتییەکی گەورەمان لەسەرشانە و ئەو شوێنەی ئێستا یانەی دهۆک لێیەتی شایستەی ناوی دهۆک نییە و کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین و شوێنەکەمان لە ریزبەندی خولەکەدا باشتر بکەین."
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو سپۆرتس، رێوان ئەمین، ناوەڕاستکاری یانەی دهۆک لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا بەشدارییکردووە و بەشێوەیەکی ئاسایی راهێنانی کردووە، بەمەش یاریزانەکە بۆ یارییەکە ئامادەیە و پێکهاتەی دهۆک بەتەواوی ئامادەیە.




