رووداو دیجیتاڵ
بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە، لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ باڵادەست بوون بەسەر گرنگترین رکابەریی جیهانی تۆپی پێدا؛ لە بردنەوەی باڵۆندۆر و تۆمارکردنی گۆڵەوە تاوەکو دەگاتە بەدەستهێنانی نازناوەکان و دەستکەوتە تاکەکەسییەکان، تا ئەوکاتەی پێرێ مێسی وازهێنانی خۆی لە یاریکردنی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین راگەیاند.
بەڵام لە ساڵی 2026، رکابەرییەکەیان سنووری یاریگای تێپەڕاندووە و جیهانی سەروەت و سامانیشی گرتووەتەوە، بە =جۆرێک هەردوو ئەستێرەکە سەروەتەکانیان لە ملیارێک دۆلار تێپەڕیوە، ئەمەش دەیانخاتە ناو لیستی دەوڵەمەندترین وەرزشوانانی جیهان.
سەروەتی رۆناڵدۆ
هەرچەندە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەوە ناسراوە کە لەڕووی داراییەوە کەمێک لە پێش لیۆنێل مێسییەوە بێت، بەڵام جیاوازی نێوانیان تا راددەیەک کەمە.
بەپێی ئامارەکانی گۆڤاری فۆربس، سەروەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە نزیکەی 1.2 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. سەروەتە زەبەلاحەکەی بەرهەمی چەندین دەیە کارکردنە لە تۆپی پێدا، جگە لە ئیمپراتۆریەتێکی بازرگانی فراوان.
پەیوەندیکردنی رۆناڵدۆ بە یانەی نەسڕی سعودی، داهاتی ئەوی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکرد؛ راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گرێبەستەکەی سەدان ملیۆن دۆلاری لەڕێگەی مووچە و گرێبەستە بازرگانییەکانەوە بۆ دابین دەکات.
بەڵام سەروەتەکەی زۆر لە گرێبەستە وەرزشییەکەی زیاترە. ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە براندی CR7ـی پەرەپێداوە تاوەکو پۆشاک، هۆتێل، هۆڵە وەرزشییەکان و کارەکانی دیکەش بگرێتەوە. هەروەها هەبوونی ژمارەیەکی زۆر فۆڵۆوەرس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وای لێدەکات یەکێک بێت لە بەهێزترین وەرزشوانان لەڕووی بازرگانییەوە لە جیهاندا.
پەیوەندییە درێژخایەنەکەی لەگەڵ کۆمپانیای نایکی Nike، لەگەڵ رێککەوتنەکانی سپۆنسەری و وەبەرهێنانە جۆراوجۆرەکان، یارمەتیدەر بوون بۆ گۆڕینی ناوبانگی یاریگای بۆ ئیمپراتۆریەتێکی بازرگانی جیهانی.
سەروەتی لیۆنێل مێسی 1.1 ملیار دۆلارە
لیۆنێل مێسی رێگایەکی کەمێک جیاوازتری گرتەبەر بۆ بنیاتنانی سەروەتەکەی. پێدەچێت ئەستێرە ئەرجەنتینییەکەش سنووری ملیارێک دۆلاری تێپەڕاندبێت و سەروەتەکەی بە نزیکەی 1.1 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بەدرێژایی زۆربەی کاروانی وەرزشیی، هێزی دارایی مێسی پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی بە قازانجەکانی لە تۆپی پێ و گرێبەستەکانی سپۆنسەرییەوە هەبوو. بەڵام گواستنەوەی بۆ یانەی ئینتەرمەیامی، وەرزێکی نوێی لە کارە بازرگانییەکانیدا کردەوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندییەکەی بە خولی ئەمریکی MLS دەرفەتی وای بۆ رەخساندووە کە لە مووچەکەی وەک یاریزانێک تێپەڕێت، لەوانە رێککەوتنی تایبەت بە پشک لە داهات و هاوبەشییە بازرگانییەکان. هەروەها گەیشتنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بووە هۆی فراوانکردنی ئامادەیی ئەو لە بازاڕی وەرزش و کاتبەسەربردنی ئەمریکیدا بەشێوەیەکی بەرچاو.
مێسی لە بوارەکانی دیکەشدا وەبەرهێنانی کردووە، وەک هۆتێل و خانووبەرە، ئەمەش یارمەتیدەری بووە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی لە دەرەوەی چوارچێوەی تۆپی پێ.
رۆناڵدۆ یان مێسی.. کامیان دەوڵەمەندترن؟
بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی لە راپۆرتەکەدا هاتووە، رۆناڵدۆ ئێستا بە سەروەتێکی سافی کە نزیکەی 1.2 ملیار دۆلارە لەپێشەوەیە، لە بەرامبەردا مێسی سەروەتەکەی نزیکەی 1.1 ملیار دۆلارە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەراوردکارییەکە تەنیا لە یەک لایەنەوە نییە؛ رۆناڵدۆ یەکێک لە بەناوبانگترین براندەکانی جیهانی وەرزشی بنیات ناوە، لەکاتێکدا مێسی هەنگاو بە هەنگاو وەبەرهێنان و پڕۆژە بازرگانییەکانی فراوانتر کردووە.




