رووداو دیجیتاڵ
ئینزۆ فێرناندێزی ناوەڕاستکاری ئەرجەنتینی، دوایین یاریزانی بازاڕی گواستنەوەی مانچێستەر سیتی بوو، لە هاوینی ئەمساڵدا.
مانچێستەر سیتی، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، گواستنەوەی ئەو یاریزانەی لە چێڵسییەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ راگەیاند.
گرێبەستەکەی ئینزۆ، دوای چەند کاژێرێکی کەم لە راگەیاندنی گرێبەستی ئەلیمان ندیای لە ئیڤێرتۆنەوە بۆ مانچێستەر سیتی هات، کۆی تێچووی ئەو گرێبەستە 65 ملیۆن پاوەند بوو.
مانچێستەر سیتی، تێچووی گواستنەوەی ئینزۆی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام رۆژنامەی 'سەن'ی ئینگلیزی دەڵێ، تێچووی گواستنەوەکە، هاوتای تێچووی گرانبەهاترین گرێبەستە کە پێشتر بەناوی ئەلیکساندەر ئیساک لە کاتی چوونی ئەو یاریزانە، بۆ لیڤەرپوول، تۆمارکراوە.
ئەو ناوەڕاستکارە 25 ساڵانە، بەر لە واژۆکردنی گرێبەستەکەی، پشکنینی پزیشکیی ئەنجامدا و جارێکی دیکە بووەوە یاریزانی ئینزۆ مارێسکای راهێنەر، کە ئەمساڵ لە شوێنی پێپ گواردیۆلا، مەشقدانی سیتی وەرگرتووە.
ئینزۆ لە یەکەم لێدوانی پاش چوونە مان سیتی گوتی، "سیتی سەرکەوتووترین یانەی ئینگلتەرایە لە چەند ساڵی رابردوودا، وەک یاریزانێک دەمەوێت بەشێک بم لە سەرکەوتنەکانی داهاتووی یانەکە، هەمووان دەزانن سیتی چ کوالیتییەکی بەرزی هەیە".
هەروەها دەڵێ، "لەمە زیاتر دڵخۆش نابم بەبوونم لە یانەیەکی وەک سیتی، من ئامادەم بۆ ئاڵنگارییەکە و بەردەوامبوون لە بەدەستهێنانی نازناوەکان، ئەمە یانەیەکە لەپێناو سەرکەوتندا دروستبووە، دەمەوێت لە هاوتیپەکانمەوە زیاتر فێرببم، ببمە یاریزانێکی باشتر".
ئینزۆ لە پەیامێکیشدا بۆ هاندەرانی چێڵسی دەڵێ، "بەر لە سێ ساڵ، یانەکە بووە ماڵی من و خێزانەکەم، کەسانی باشم ناسی و پەیوەستی درێسی یانەکە بووم، سوپاسی هەموو پشتگیری و خۆشەویستییەکتان دەکەم، بۆ سەرکەوتنتان دڵخۆش دەبم".
ئینزۆ پێشتر لە چێڵسی لەگەڵ ئینزۆ فێرناندێز کاری کردبوو، ئەوکاتەی ئەو راهێنەرە لە مەشقدانی یانەکە دوورخرایەوە، یاریزانەکە بەتووندی رەخنەی لە هەنگاوەکە گرت.




