رووداو دیجیتاڵ
یانەی هێرێنڤینی هۆڵەندی بە فەرمی واژۆکردنی گرێبەستی لەگەڵ مارکۆ فەرەج، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق راگەیاند، ئەو یاریزانە لە یانەی ڤێنیزیای ئیتاڵییەوە گواسترایەوە و بۆ ئەم وەرزە لە خولی هۆڵەندا دەبینرێت.
مارکۆ فەرەج، لە دوایین کاژێرەکانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا، بە گرێبەستێکی هەمیشەیی بووە یاریزانی یانەی هێرێنڤین. ئەو یاریزانە تەمەنی 22 ساڵە و لە باڵی هێرشبەریدا یاری دەکات، بەمەش کۆتایی بە کاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ یانەی ڤێنیزیا هێنا بۆ ئەوەی ئەزموونێکی نوێ لە خولی نایابی هۆڵەندا تاقی بکاتەوە.
ئەم هەنگاوە بۆ مارکۆ فەرەج دەرفەتێکی گرنگە تاوەکو توانا وەرزشییەکانی بسەلمێنێت و رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی شوێنی سەرەکی لە پێکهاتەی تیپەکەدا بکات.
پێشتر رێوان ئەمین، کاپتنی ئێستای یانەی دهۆک لە یانەی هێرنڤین یاریی کردووە و یەکەمجار نییە یاریزانێکی کورد بچێتە ئەو یانەیە، مارکۆ فەرەجیش دەیەوێت بەم گواستنەوەیە ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات و ببێتە یەکێک لە ناوە دیارەکانی خولەکە.




