رووداو دیجیتاڵ
رۆناڵدۆ نازاریۆ و رۆبێرتۆ کارلۆس، دوو ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ریال مەدرید، هەنگاوێکی نوێ لە جیهانی وەبەرهێنانی وەرزشیدا دەنێن و پشکەکانی یانەی ئینتەر دی لیمێیرا دەکڕن.
رۆناڵدۆ و رۆبێرتۆ کارلۆس لە رێگەی گرووپێکی وەبەرهێنانەوە رێککەوتوون بۆ کڕینی 80%ـی پشکەکانی یانەی ئینتەر دی لیمێیرا. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات ئەندامانی کۆمەڵەی گشتی یانەکە بە زۆرینەی دەنگی 53 ئەندام بەرامبەر تەنیا یەک دەنگ، رەزامەندییان لەسەر گۆڕینی یانەکە بۆ کۆمپانیایەکی پشکدار و فرۆشتنی پشکەکان نیشاندا.
ئێنریکۆ ئەمبڕۆجینی، بازرگانی ناسراو لەگەڵ چەند وەبەرهێنەرێکی دیکە لە پڕۆژەکەدا هاوبەشی دوو ئەستێرە مێژووییەکەی بەرازیلن.
قەبارەی وەبەرهێنانەکە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا دەگاتە 454 ملیۆن رێیاسی بەرازیلی، بەڵام ئەم بڕە پارەیە پەیوەستە بە گەشەکردنی یانەکە و بەدەستهێنانی ئامانجە وەرزشییەکان.
یانەی ئینتەر دی لیمێیرا 112 ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە و خاوەنی مێژوویەکی دێرینە. یانەکە لە ساڵی 1986 نازناوی خولی ویلایەتی ساپاولۆی بەدەستهێناوە، بەڵام ساڵانی دوایی پاشەکشەی گەورەی بەخۆیەوە بینی و دابەزی بۆ پلەکانی خوارەوە.
ئامانجی ئەم وەبەرهێنانە نوێیە، بنیاتنانەوەی ژێرخانی یانەکە و بەهێزکردنی پێکهاتەکەیە بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا بگەڕێتەوە ریزی یانە پلە نایابەکانی بەرازیل. یانەکە ئێستا لە خولی پلە سێی بەرازیلی یاریی دەکات.
ئەم گرێبەستە لە کاتێکدایە زۆربەی یانەکانی بەرازیل روویان لە گۆڕینی سیستمەکەیان کردووە بۆ کۆمپانیای پشکدار. ئەم جۆرە سیستمە رێگە بۆ سەرمایەی تایبەت دەکاتەوە وەبەرهێنان لە گەشەپێدانی یانەکان و دۆزینەوەی بەهرەمەندە نوێیەکاندا بکەن.




