رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دیسپلین لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەهۆی پێشێلکارییە کارگێڕی و یاساییەکانەوە لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، چەند یانە و کەسایەتییەکی وەرزشی سزادا.
لیژنەی دیسپلین لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، چەند بڕیارێکی دەرکرد. گرنگترین بڕیار گۆڕینی ئەنجامی یاریی نێوان هەردوو یانەی تەڵەبە و نەورۆز بوو بۆ 3-0 بۆ بەرژەوەندی یانەی نەورۆز.
هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یاریزانی یانەی تەڵەبە، رەجائی عاید درێسی ژمارە 77ـی پۆشیوە لەکاتێکدا ژمارە 17ـی بۆ دیاریکرابوو، ئەمەش وایکرد دوو یاریزانی هەمان یانە بە یەک ژمارەوە لەنێو یاریگەدا بن، کە ئەوانیش رەجائی عاید و سەیف رەشید بوون.
جگە لە سزادانی تەڵەبە، لیژنەکە سزای دارایی بەسەر مەعاد بەدای، سەرۆکی یانەی جەوییەدا سەپاند. ناوبراو بڕی 1 ملیۆن دینار سزادرا، بەهۆی ئەوەی لە کاتی یارییەکەدا لە پشت کورسیی یەدەگی یانەکەی لە یاریگەی کەرخ دانیشتووە و جگەرەی کێشاوە، ئەمەش یەکێکە لەو کارانەی لەنێو یاریگەکاندا قەدەخەکراوە.
خولی ئەستێرەکانی عێراق لەم وەرزەدا کێبڕکێیەکی تووندی تێدایە و یانەکان هەوڵدەدەن بە پابەندبوون بە رێنوێنییەکانەوە ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنن.

.jpg&w=3840&q=75)


