رووداو دیجیتاڵ
گابریێل جیسۆس، هێرشبەری بەرازیلی گەیشتە فڕۆکەخانەی ئێل پلات لە شاری بارسێلۆنا بۆ ئەوەی پشکنینە پزیشکییەکان ئەنجام بدات و واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی بکات.
گابریێل جیسۆس، هێرشبەری ئارسیناڵ گەیشتە شاری بارسێلۆنا. فڕۆکەکەی ئەو یاریزانە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە نیشتەوە، بڕیارە پشکنینە پزیشکییەکان ئەنجام بدرێن بەر لەوەی یانە کەتەلۆنییەکە بە فەرمی گواستنەوەی ئەو یاریزانە رابگەیێنێت.
میدیای ئیسپانیا بڵاویکردەوە بارسێلۆنا لە پشووی کۆتایی هەفتەدا رێککەوتنی لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییەکە کردووە. بارسێلۆنا بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ وەک تێچووی جێگیر دەداتە ئارسیناڵ، لەگەڵ 4 ملیۆن یۆرۆ وەک گۆڕانکارییەکان. گابریێل جیسۆس گرێبەستێک بۆ ماوەی دوو وەرز واژۆ دەکات، بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ وەرزی سێیەمیش تێدایە.
هانزی فلیک داوای هێرشبەرێکی دیکەی کردبوو، بەڵام ئەم گرێبەستە هەلێکی باشی بازاڕ بوو، بارسێلۆنا نەیویست لەدەستی بدات.
جیسۆس بەر لە واژۆکردنی گرێبەستەکەی زۆر نەدوا، تەنیا لە کاتی گەیشتنی گوتی "زۆر دڵخۆشم".
بڕیارە ئێوارەی رۆژی دووشەممە پشکنینە پزیشکییەکان ئەنجام بدرێن. دواتر جیسۆس دەچێتە یاریگە بۆ بینینی یاریی نێوان بارسێلۆنا و رایۆ ڤایێکانۆ لە لالیگا، کە بڕیارە لە رێکەوتی 31ـی مانگی 08ـی 2026 ئەنجام بدرێت.
یانەی بارسێلۆنا رۆژی سێسەممە وەک وادەی راگەیاندنی فەرمی و ناساندنی یاریزانەکە بە میدیاکان دیاریکردووە. گابریێل جیسۆس پێشتر لە پرێمەرلیگ یاریی بۆ ئارسیناڵ کردووە و ئێستا دەیەوێت لە خولی ئیسپانیا ئەزموونێکی نوێ تاقی بکاتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)

