رووداو دیجیتاڵ
ستیڤن کیکی رامۆس، دەستی کرد بە نووسینەوەی وەرزێکی نوێ لە کاروانی وەرزشیدا، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی تەمەن خوار 17 ساڵی بەشداری کرد، لە کاتی سەرکەوتنیان لە یارییەکی دۆستانەدا بەسەر ئیکوادۆردا بەئەنجامی 2-1 گۆڵ.
دەرکەوتنی رامۆس لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە بوو بە یەکەم یاریزان کە بەڕەچەڵەک خەڵکی هایتی بێت و لەگەڵ یەکێک لە هەڵبژاردە نیشتمانییەکانی ئەرجەنتین یاری بکات، هەرچەندە ئەو یەکەم یاریزانی رەشپێست نییە کە درێسی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە بپۆشێت.
رامۆس لە تیپی لاوانی یانەی ڤێلیز سارسفێڵد یاری دەکات، و لە ماوەی رابردوودا توانی سەرنجەکان بۆ لای خۆی رابکێشێت دوای ئەوەی 12 گۆڵی بۆ تیپەکە تۆمارکرد.
سەرەتای چیرۆکی رامۆس بۆ وڵاتی هایتی دەگەڕێتەوە، کە لەوێ لە ساڵی 2009 لەدایکبووە، پێش ئەوەی لە تەمەنی تەنیا 9 مانگیدا روو لە ئەرجەنتین بکات دوای ئەوەی خێزانێکی ئەرجەنتینی هەڵیانگرتەوە، ئەمەش دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە لەساڵی 2010 لە هایتی روویدا.
دوای گواستنەوەی بۆ ئەرجەنتین، رامۆس دەستی بە کاروانی وەرزشیی خۆی کرد لە تۆپی پێدا تا گەیشتە تیپی لاوانی ڤێلیز سارسفێڵد، و بەردەوام بوو لە پەرەپێدانی خۆی تاوەکو بوو بە بەشێک لە پلانەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی تەمەن ژێر 17 ساڵ.
بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەکە لە کاتێکدایە کە ساڵانێکی زۆرە مشتومڕ و رەخنە هەیە سەبارەت بە کەمیی نوێنەرایەتی یاریزانە رەشپێستەکان لە هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین.
لە کاتی هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئۆلی ئەرجەنتینی، رامۆس بە شێوەزارە ئەرجەنتینییەکەی و توانای قسەکردنی بە زمانی ئیسپانی سەرنجی هەمووانی راکێشا، ئەمەش بووە هۆی ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە کاتی دەرکەوتنیدا لێی کرا.
هەرچەندە رامۆس بووە یەکەم یاریزانی لەدایکبووی هایتی کە نوێنەرایەتی ئەرجەنتین بکات، بەڵام گەیشتنی بە هەڵبژاردەی یەکەم لە داهاتوودا دەرفەتێکی دەبێت بۆ ئەوەی بچێتە ناو لیستێکی زۆر سنووردارەوە.
لە ئەگەری نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی یەکەمی ئەرجەنتین، رامۆس دەبێتە تەنیا چوارەم یاریزانی رەشپێست (بەپێی تۆمارە بەردەستەکان) کە درێسی هەڵبژاردەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بپۆشێت، و پەیوەندی دەکات بە هەریەکە لە: ئەلیخاندرۆ دی لۆس سانتۆس، خۆسێ رامۆس دێلگادۆ و هێکتۆر بالی.




