رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە رەگەزپەرستی بەرامبەر ئامەدسپۆر کرا و لە ترابزۆن هێرشدەکرێتە سەر خانمە هاندەرێک کە درێسی ئامەدسپۆری پۆشیووە، یانەی ئامەدسپۆر راگەیێنراوێکی بەپەلەی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.
خانمەکە بەدرێسی ئامەدسپۆرەوە چووەتە دەرەوە، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشی دەکرێتەسەر و دەبێتە شەڕە قسەیان.
کەسێک هاواری بەسەردا دەکات و دەڵێت" ئەو درێسە داکەنە، یەکێکی دیکە دەڵێت بەرم بدە، دایدەکێنم."
ئەم ڤیدیۆیە کاردانەوەی زۆری گەورەی دروستکردووە و ناڕەزایەتیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، یانەی ئامەدسپۆر راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت.
بە داخ و کەسەرەوە چاودێری ئەو دیمەنانەمان کرد کە لە شاری ترابزۆن، هاونیشتمانییەکمان تەنیا لەبەر پۆشینی درێسی ئامەدسپۆر، رووبەڕووی ناڕەزایەتی و هێرشی زارەکی دەبێتەوە.
پۆشینی درێسی یانەیەکی وەرزشی؛ دەربڕینی هەستی سەرکەوتن، خۆشەویستی و دڵسۆزییەکی وەرزشییە. هیچ کەسێک، لە هەر شارێک بێت، نابێت لەبەر هەڵگرتنی درێسی ئەو تیپەی کە پشتگیری لێدەکات هەست بە گوشار بکات؛ یان ناچار بکرێت درێسەکەی داکەنێت یان بیشارێتەوە.
ئێمە سەرکۆنەی ئەم هێرشە ناشرینە دەکەین و داوا لە دامەزراوە دادوەرییەکان دەکەین ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ دەستپێکردنی رێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر بە بەرپرسانی ئەم رووداوە. هەروەها رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە لە لایەن یانەکەمانەوە سکاڵای یاسایی پێویست تۆمار دەکرێت.
وەک ئامەدسپۆر دەزانین کە رەفتارە تاکەکەسییەکان ناخرێنە پاڵ شارێک، یانەیەک یان تەواوی هاندەران. رێک لەبەر ئەم هۆکارە، هیوادارین یاریی داهاتووی نێوان ئامەدسپۆر و ترابزۆنسپۆر، دوور بێت لە گرژی، بەڵکو ببێتە دیدارێک کە تێیدا هێزی یەکخەری تۆپی پێ و رێزگرتنی بەرامبەر بێتە پێشەوە.
بە تایبەتی داوا لە هاندەرانی خۆمان دەکەین کە بەرامبەر بە هەر جۆرە هاندان و کاردانەوەیەک دان بە خۆیاندا بگرن و ژیرانە رەفتار بکەن.
ئێمە وەک ئامەدسپۆر، بەردەوام دەبین لە لایەنگریکردنی کەشێکی وەرزشی کە یەکخەر بێت نەک جیاکەرەوە و دانبەخۆداگرتن بەهێز بکات نەک گرژییەکان گەورەتر بکات.
ئەم راگەیێنروەی یانەی ئامەدسپۆر لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی سوپەرلیگ، یانەی ئامەدسپۆر لە یاریگای خۆی بەرامبەر ترابزۆن یاریی دەکات و سەرجەم بلیتەکانی ئەو یارییە فرۆشراون.




