رووداو دیجیتاڵ
یانەی زەورا لە گەڕی 4ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد و توانی بە 4 گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی زاخۆ بباتەوە، بەوەش بە کاتی چووە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە.
یارییەکە لە یاریگەی زەورا بەڕێوەچوو، یاریزانانی خاوەن یاریگە لە سەرەتای یارییەکەوە کۆنترۆڵی نێو یاریگەیان کرد. محەممەد قاسم لە خولەکی 16 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ زەورا تۆمارکرد. پێش کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم، هێران ئەحمەد لە خولەکی 36 گۆڵی دووەمی بۆ تیپەکەی زیادکرد و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا گوشارەکانی زەورا بەردەوام بوون. هێران ئەحمەد لە خولەکی 51 گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی تۆمارکرد. دوای تەنیا 8 خولەک، حەسەن عەبدولکەریم لە خولەکی 59 گۆڵی چوارەمی بۆ زەورا تۆمارکرد و سەرکەوتنەکەی مسۆگەر کرد.
یانەی زەورا بەم سەرکەوتنە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 8 خاڵ و بە کاتی لە پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراق جێگیر بوو. یانەی زاخۆش بە 4 خاڵ لە پلەی 13ـی ریزبەندییەکە مایەوە.




