رووداو دیجیتاڵ
لە باکووری کوردستان، دێربییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێش بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی مێردین سپۆر و وان سپۆر لە خولی پلە یەکی تورکیادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یارییەکە کاژێر 21:30 لە مێردین بەڕێوەدەچێت، ئەمشەو هەردوو تیپەکەی باکووری کوردستان سەرنجەکان بۆ خۆیان دەبەن و لە یارییەکی گرنگ و بەهێزدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
مێردین سپۆر لە سێ یاریی رابردوودام هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، دوو یاریی بردووەتەوە و لە یارییەکدا یەکسانبووە.
لە سەرەتای وەرزدا لەگەڵ عومرانییە یەکسانبوو، دوای ئەوە سەرکەوتنی بەرامبەر هەردوو یانەی ئەنتالیاسپۆر و بۆلوسپۆر بەدەستهێنا و تاوەکو ئێستا 7 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە.
مێردین وەرزی رابردوو سەرکەوت بۆ خولی پلە یەکی تورکیا، سەرەتایەکی بەهێزی هەبووە و دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
یانەی وان سپۆر دەیەوێت درێژە بە بردنەوەکانی بدات و دووەم سەرکەوتنی لەسەریەک بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیک ببێتەوە.
وان سپۆر لە یاریی رابردوودا، دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک، یەکەم بردنەوەی تۆمارکرد و بەبردنەوە لە ئیستەنبوڵ سپۆر سەرکەوتنەکانی لە خولەکەدا دەستپێدەکات و دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە مێردین ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.
وان سپۆر بۆ ئەم وەرزە گۆڕانکاریی زۆری کردووە، دوایین گرێبەستیان گواستنەوەی جەلال هاناڵپ، یاریزانی کوردی یانەی ئامەدسپۆر بوو، بە ئامانجی ئەوەی بتوانن رکابەری لەسەر گەیشتن بە سوپەرلیگ بکەن، بەڵام سەرەتایەکی باشی لە خولەکەدا نەبوو.
تیپەکە سوور و رەشەکەی باکووری کوردستان، تاوەکو ئێستا تەنیا سێ خاڵی کۆکردووەتەوە و ئەمشەو دەیەوێت رکابەری لەسەر زیادکردنی خاڵەکانی بکات.


