رووداو دیجیتاڵ
لە بووڵتەنی وەرزشدا کە رۆژانە کاژێر 13:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، چەند مژارێکی جیاواز و هەواڵی نوێ خرانەڕوو.
لە سەرەتای بووڵتەنەکەدا باس لە یاریی لووتکەی نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و زەورا کرا کە لە بەغدا لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
غەریب مەجید، نێردراوی رووداو سپۆرتس بۆ رووماڵکردنی یارییەکە گوتی "گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە یاریگا ئامادەدەبێت و چاودێریی یاریزانانی هەردوو یانە دەکات."
لە بەشێکی دیکەی بووڵتەنەکەدا باس لە دێربیی باکووری کوردستان کرا کە هەردوو یانەی مێردین سپۆر و وان سپۆر لە مێردین رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەردوو یانە لە یاریی رابردوودا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و دەیانەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکەن.
کێشەی جولیان ئەلڤارێز و یاریی نەکردنی بەرامبەر سێڤییا بەشێکی دیکەی بووڵتەنەکە بوو.
