رووداو دیجیتاڵ
لە بووڵتەنی وەرزشدا کە رۆژانە کاژێر 13:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، گرنگی بە چەند هەواڵێکی تایبەت بە یانەکانی کوردستان درا و باس لە تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی کەنداو بۆ یانەکان کرا.
لە سەرەتای بووڵتەنەکەدا، باس لە ئەنجامی تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی کەنداو بۆ یانەکان کرا و یانەی هەولێر کەوتە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەم و رووبەڕووی یانەکانی ئیتیفاقی سعودی، عەجمانی ئیماراتی و کازمەی کوێتی دەبێتەوە.
ئێچێتا دێپۆتی، یاریزانی نەیجیری و یانەی زاخۆیە، ئەو یاریزانە نزیکە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نێو ریزەکانی یانەکە و ئەگەری هەیە بۆ ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت.
لە بەشێکی دیکەی بووڵتەنەکەدا، باس لە یاریی دووەمی ئامەدسپۆر لە سوپەرلیگدا کرا، کە ئەمشەو لە گەڕی دووەمی خولەکەدا بەرامبەر کۆجەلی سپۆر یاریی دەکات و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە.
لە بووڵتەنەکەدا موراد کایا، شرۆڤەکاری وەرزشی لە ئامەدەوە میوانی رووداو سپۆرتس بوو و سەرنجی خستە سەر خاڵە گرنگەکانی ئامەدسپۆر بۆ ئەم یارییە و ئەو پێیوایە هەردوو تیپ یەکساندەبن.
