رووداو دیجیتاڵ
لە بووڵتەنی وەرزشدا، کە رۆژانە کاژێر 13:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، باس لە دوایین گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە دۆخی یانە کوردستانییەکانی بەشدار لە خولی عێراق و یەکەم یاریی ریال مەدرید و بارسێلۆنا کرا.
لە سەرەتای بووڵتەنەکەدا، باس لە بەڵێنێکی سەرۆکی یانەی هەولێر کرا و بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، ئەگەر یانەکەی جامی کەنداو بۆ یانەکان بباتەوە، ئۆتۆمبێلێکی لاندکرۆزەر بە دیاری دەداتە هەموو یاریزانەکانی.
دوای ئەوە سەرنج خرایە سەر یارییەکانی گەڕی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاتێک دهۆک بەرامبەر تەڵەبە یەکسانبوو و نەورۆز بەرامبەر یانەی غەڕاف دۆڕا.
یانەی ئامەدسپۆر بۆ یاریی دووەمی لە سوپەرلیگی تورکیادا بەرەو کۆجەلی بەڕێکەوت و ئەمشەو سێ یانەی باکووری کوردستان لە خولی پلە یەکی تورکیادا یاریی دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی بووڵتەنەکەدا باس لە بردنەوەی یەکەمی ریال مەدرید لەژێر سەرپەرشتی جۆزێ مۆرینیۆ کرا و دوای ئەوەش سەرنج خرایە سەر یاریی بارسێلۆنا بەرامبەر ئێلچی و پێکهاتەی پێشبینیکراوی یانەکە بۆ یارییەکە پێشاندرا.
