رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی بەریتانی، ئەمڕۆ شەممە، زانیارییەکی سەرنجڕاکێشی دەربارەی خولی دووەمی کارکردنی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی لە یانەی ریال مەدرید ئاشکراکرد.
لەم هاوینەدا فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، گرێبەستی لەگەڵ مۆرینیۆ واژۆکرد بۆ ئەوەی کۆتایی بە باڵادەستیی یانەی بارسێلۆنا بهێنێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی کە لە دوو وەرزی رابردوودا یانە کەتەلۆنییەکە سەپاندوویەتی.
بەگوێرەی رۆژنامەی ذا ئاتلێتیکی بەریتانی، سەرچاوە نزیکەکان لە مۆرینیۆوە جەختیان کردووەتەوە کە ئەو زۆر پەرۆشە بۆ دەستپێکردنی خولی دووەمی راهێنەرایەتی لەگەڵ ریال مەدرید.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە هەست دەکات ستافێکی نایابی هەیە بۆ کارکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پێشتر لە مەدرید بوون، جگە لە هەبوونی پێکهاتەیەکی ناوازە بۆ پەرەپێدانی ئەم پڕۆژە نوێیە.
مۆرینیۆ پابەندییەکی تەواوی خۆی نیشانداوە، بەجۆرێک کارەکە گەیشتووەتە ئەوەی لە چەندین بۆنەدا لەناو بارەگای مەشق و راهێنانەکاندا خەوتووە، ئەمەش بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لە تەرخانکردنی کاتی پێویست بۆ هەموو ئەو ئەرکانەی کە دەیەوێت
ئەنجامیان بدات.
جۆزێ مۆرینیۆ ئێستا بەتەواوی ئاگاداری وردەکارییەکانە لە هەموو بەشەکاندا، هەروەک چۆن لە خولی یەکەمی راهێنەرایەتیدا دەیکرد. ئەمە لەکاتێکدایە کە وەرزی رابردووش هەندێکجار لە بارەگای مەشقەکانی یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی خەوتووە.
وەرزی نوێی ریال مەدرید، ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 22:30 بەرامبەر ئیسپانیۆل لە خولی ئیسپانیا دەست پێدەکات و یانەی شانە لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا دەبێتە میوانی ئیسپانیۆل.




