ئامەدسپۆر بە بردنەوەی لە ئەرزەڕۆم سپۆر بە سێ گۆڵی خاوێن، راستەوخۆ پلەی یەکەمی خولی نایابی تورکیای گرت.
یانەی ئامەدسپۆر کە لە خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ) تاکە نوێنەری ئامەدی باکووری کوردستانە رۆژی یەکشەممە 16-8-2026 لە یەکەمین یارییدا میوانداریی ئەرزەڕۆم سپۆری کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-0 لێ بردەوە.
گێمی یەکەمی یارییەکە بە بێ گۆڵ کۆتایی هات. لە گێمی دووەمدا دیە سابا، یاریزانی هیڵی ناوەڕاستی ئامەدسپۆر لە خولەکەکانی 53 و 62'دا دوو گۆڵی تۆمارکرد.
هەروەها گۆکهان گول لە خولەکی 70 گۆڵی سێیەمی تۆمار کرد و یارییەکە بە ئەنجامی 3-0 لە بەرژەوەندیی ئامەدسپۆر کۆتایی هات.
بە یارییەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەوە، جگە لە یاریی سامسون سپۆر و گۆزتەپە کە رۆژی دووشەممە بەڕێوەدەچێت، تەواوی یارییەکانی هەفتەی یەکەم کران.
یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا ریزبەندیی یانەکانی خولی نایابی بڵاوکردەوە کە ئامەدسپۆر پلەی یەکەمی گرتووە. هەریەک لە یانەکانی باشاکشەهیر، گەنچلەر بیرلیغی، بێشیکتاش و ریزەسپۆر کە هەریەکەیان سێ خاڵیان هەیە، پلەکانی دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەمیان گرتووە.
هەروەها هەردوو یانەی بەهێزی خولی سوپەرلیگی تورکیا گاڵاتاسارای و فەنەرباخچە لە پلەکانی شەشەم و 14یەمن.
ئامەدسپۆر بەهۆی ئەوەی سێ گۆڵی تۆمارکرد کە لە یارییەکانی ئەم هەفتەیەدا هیچ یانەیەک سێ گۆڵی تۆمارنەکردووە، پلەی یەکەمی گرت.
یانەی ئامەدسپۆر لە هەفتەی دووەمی ئەم وەرزەی سوپەرلیگ، رۆژی 24-8-2026 دەبێتە میوانی یانەی کۆجائەلی سپۆر.
ئەنجامی یارییەکانی ئەم هەفتەیەی سوپەرلیگ
گاڵاتاسارای 2-2 چۆروم سپۆر
قاسم پاشا 1-1 ترابزۆن سپۆر
کۆنیا سپۆر 0-1 ریزەسپۆر
غازی عەنتاب 1-1 ئاڵانیاسپۆر
گەنچلەر بیرلیغی 2-1 فەنەرباخچە
باشاکشەهیر 2-0 کۆجائەلی سپۆر
ئامەدسپۆر 3-0 ئەرزەڕۆم سپۆر
بێشیکتاش 1-0 ئەیوب سپۆر
سامسون سپۆر - گۆزتەپە (رۆژی دووشەممە)





