رووداو دیجیتال
لە گەڕی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی کارەبا دەکات، ئیمپڕاتۆر دەیەوێت یارییەکە بە پاڵپشتی هاندەرانی بباتەوە.
وەرزی ئەمساڵ هەولێر بەسەرکردایەتی لوئەی سەڵاحی راهێنەر هاوشێوەی وەرزی رابردوو کە پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، دەیەوێت وەرزێکی پڕ دەسکەوت و ئەنجامی دڵخۆشکەری هەبێت، تیپەکە ئامادەکارییەکانی مامناوەندە و هێشتا کێشەی یاریزانانی هەن.
لەم یارییەدا هەریەک لە ئیسماعیل میحراب، یاریزانی مەغریبی و عامر جامووسی یاریزانی ئوردنی لەگەڵ حوسێن حەسەنی گۆڵپارێز بەهۆی تەواونەبوونی کارە کارگێڕییەکانی گرێبەستیان، لەگەڵ مستەفا قابیل و عەلا رەعد بەهۆی پێکان ناتوانن یاریی بکەن، بەڵام هەولێر ورەیان بەرزە و دەیانەوێت بە وەرگرتنی سێ خاڵی یارییەکە بچنە نێو یارییەکانی خولەکە.
وەرزی نوێ بۆ هەولێر ئاسان نییە، لەبەرئەوەی جیا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق درێس زەردەکان بەشداریی یارییەکانی جامی کەنداو، جامی عێراق و جامی سوپەری عێراق دەکات، هەولێر باڵکێشترین گرێبەستی وەرزی ئەمساڵی هێنانی ئیبراهیم بایش، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراقە، لە چەند رۆژی داهاتووش چاوەڕواندەکرێت گرێبەستی عەلی جاسم، ئەستێرە و گۆڵکاری هەڵبژاردەی عێراق ئاشکرا بکات.
لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "بوونی ئیبراهیم بایش لە پێکهاتەکەمان زۆر باشە و عەلی جاسم هەولێرییە و تەنیا کات پێویستە تا کارەکانی هێنانی دەستبەرداربوونی لە یانەی کۆمۆ تەواو دەبێت، ئێمە ئامادەکاریمان مامناوەندە و دەمانەوێت بۆ وەرزی نوێ ئاستێکی دڵخۆشکەرمان هەبێت".
یانەی کارەبا سێ هەفتەیە دەستی بە راهێنان کردووە، تیپەکە پشتی بەیاریزانی لاو بەستووە، کەمپی راهێنانی لە موسڵ ئەنجامداوە و وەک ئامادەکاریی پێنج یاریی دۆستانەی کردووە.
موهەند عەبدولڕەحیم، کاپتنی یانەی کارەبا بۆ رووداو سپۆرتسی روونکردەوە "دەزانین ئەرکمان ئاسان نییە، بەڵام ریزەکانمان تۆکمەیە و دەمانەوێت بە بردنەوە بچینە نێو ململانێی وەرزی نوێی خولەکە ".
پێنج یانەی کوردستانی وەرزی ئەمساڵ بەشداریی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقیان کردووە کە بریتیین لە هەولێر، دهۆک، زاخۆ، نەورۆز و گازی باکوور.



