رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێیدا ناوی 'محەممەد سەڵاح' لەسەر دیوارێکی مزگەوتێک لە ویلایەتی تەرابزۆنی باکووری تورکیا دەرکەوتووە، دەنگۆیەکی زۆری دروستکردووە و زۆر کەس وایانزانیوە مزگەوتەکە بەفەرمی بە ناوی ئەو ئەستێرە میسرییەوە کراوە.
مزگەوتەکە دەکەوێتە ناوچەی 'ئەیوبۆن هان' لە قەزای حەیرات لە تەرابزۆن، لەسەر رووکاری پێشەوەی مزگەوتەکە نووسراوە "مزگەوتی م. سەڵاح"، ئەمەش وایکردووە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسیار بکەن ئایا یاریزانی یانەی لیڤەرپوول ئەو مزگەوتەی دروستکردووە؟.
پێگەی 61saatی تورکی لە راپۆرتێکدا راستی بابەتەکەی روونکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ناوەی لەسەر دیوارەکە نووسراوە لە تۆمارە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بوونی نییە و ناوی فەرمی مزگەوتەکە نییە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، کۆمەڵەی سەرپەرشتیاری مزگەوتەکە ئەو ناوەیان بەکارهێناوە تەنیا بۆ مەبەستی راکێشانی سەرنجی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئامانجی سەرەکیش لەم کارە، کۆکردنەوەی هاوکاری و پشتگیریی دارایی بووە بۆ تەواوکردن و نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە.
کەواتە، دەرکەوتنی ناوی محەممەد سەڵاح لەو شوێنەدا پەیوەندی بە خودی یاریزانەکەوە نییە، بەڵکو تەنیا وەک هۆکارێک بۆ راکێشانی خەڵک و کۆکردنەوەی بەخشین بەکارهێنراوە.




