رووداو دیجیتاڵ
داهاتووی جولیان ئەلڤارێز، هێرشبەری ئەرجەنتینی لەگەڵ یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دیارنییە و ژووری جلگۆڕینی یانەکە چاوەڕێی ئەوەیە یاریزانەکە داوای لێبوردن بکات.
ئەلڤارێز، ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی بارسێلۆناوە بەستراوەتەوە، بەڵام یاریزانەکە گەڕاوەتەوە نێو مەشقەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و هێشتا روون نییە، ئەو یانەیە دەستبەرداری ئەو یاریزانە دەبێت یان نا.
ئەگەر ئاتلێتیکۆ بەردەوام بێت لە رێگریکردن لە دەرچوونی و ئەلڤارێز رەتیبکاتەوە پاشەکشە بکات، ئەوا رەنگە گرژییەکان بە خێرایی زیاتر ببن، ژووری جلگۆڕینی یانە ئیسپانییەکە چاوەڕێیە بۆ ئەوەی ئەلڤارێز داوای لێبوردن لە هاوڕێکانی بکات و پەیوەندییەکان بچنەوە دۆخێکی ئاسایی، بەتایبەت کە پێشتر یاریزانەکە ویستی خۆی بۆ رۆیشتن لە ئاتلێتیکۆ مەدرید و یارییکردن بۆ بارسێلۆنا پێشاندابوو.
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "بارسێلۆنا بەڵێنی بە ئەلڤارێز داوە دەستەوارەیەکی گەورەتر پێشکێشی یاریزانەکە بکات و بەفەرمی داوای ئەو یاریزانە بکات، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، چاوەڕواندەکرێت بارسا 120 ملیۆن یۆرۆ پێشکێشی ئاتلێتیکۆ مەدرید بکات بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە."
بەپێی میدیای ئەرجەنتین، پێش ئەوەی ئەلڤارێز، بچێتە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید ویستی یارییکردنی بۆ بارسێلۆنا هەبوو، بەڵام بارسا پارەی گواستنەوەی نەبوو.
چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەلڤارێز ویستوویەتی دیێگۆ سیمیۆنی ببینێت بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بۆ بکات لە رۆیشتن لە یانەکە، بەڵام سیمیۆنی دوو رۆژ بۆ پشوو چووە ئیبیزا و ئەو کۆبوونەوەیە نەکرا.
لەلایەکی دیکەوە ئەلڤارێز، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە مانگی شوباتی رابردوودا بەڵێنی پێداوە کە رێگەی بدات لەم هاوینەدا لە یانەکە بڕوات.




