رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر بۆ وەرزی نوێی خولی سوپەرلیگی تورکیا ئامادەیە و هەزاران هاندەر داوای درێسەکانی یانەکە دەکەن.
شەوی دووشەممە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی هەزاران هاندەر، پێنج یاریزانی نوێی یانەکە گرێبەستەکانیان واژۆکرد و بە هاندەران ناسێنران، دوای رێوڕەسمی ناساندنی یاریزانە نوێیەکانی ئامەدسپۆر، هەزاران هاندەر روویانکردە ستۆری تایبەتی یانەی ئامەدسپۆر بۆ ئەوەی درێسە نوێیەکانی ئەو یانەیە بکڕن.
ئامەدسپۆر ماوەیەک لەمەوبەر درێسە نوێیەکانی ئاشکراکرد، لە وەرزی نوێدا بە چوار رەنگی جیاواز بەشداری لە سوپەرلیگدا دەکات.
درێسی سەرەکی یانەکە کەسک و سوورە و بەوە بەنێوبانگە، درێسێکی تایبەتی سووری سەرنجڕاکێشی بۆ وەرزی نوێ دیزاینکردووە، لەگەڵ دوو درێسی رەش و سپی.
درێسی ئامەدسپۆر لەلایەن کۆمپانیای نایکی ئەمریکییەوە دروستدەکرێن، بۆ گەورە و بچووک بەردەستە.
نرخی درێسی ئۆرجیناڵی ئامەدسپۆر بە هەموو رەنگەکانەوە 2700 لیرەی تورکییە، کە دەکاتە نزیکە 80 هەزار دینار.
ئامەدسپۆر لە دەستپێکی وەرزی نوێی خولی تورکیادا، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو میوانداریی یانەی ئەرزرووم دەکات و چاوەڕواندەکرێت زیاتر لە 25 هەزار هاندەر لە یاریگا ئامادەبن بۆ سەیرکردنی یارییەکە.




