رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان لە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ گواستنەوەی فێران تۆرێس نزیکبوونەتەوە، گفتوگۆکانی چەند کاژێری رابردوو بە خێرایی بەرەوپێشچوون و چاوەڕێ دەکرێت لە کاتێکی نزیکدا راگەیێندراوی فەرمی بڵاوبکرێتەوە.
بارسێلۆنا رۆژی دووشەممە دەستەوارەی یەکەمی پاریس سانجێرمانی رەتکردەوە. ئەو دەستەوارەیە بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ بوو وەک پارەی جێگیر لەگەڵ هەندێک گۆڕانکاریی دارایی.
هەردوو یانە لە گفتوگۆکانیان بەردەوام بوون و جیاوازییەکانیان زۆر کەم کردووەتەوە. یانە کەتەلۆنییەکە سوورە لەسەر ئەوەی بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ وەک پارەی جێگیر وەربگرێت، لەگەڵ بڕێکی دیکە وەک گۆڕانکاریی دارایی کە لەسەر چەند مەرجێک رێککەوتنی لەسەر دەکرێت.
گفتوگۆکان بەشێوەیەک خێرا بوون، لایەنە پەیوەندیدارەکان پێیان وایە کارەکە تەواو بووە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بە فەرمی رانەگەیێندراوە. فێران تۆرێس ئێستا لە پاریس سانجێرمان زۆر نزیکە و تەنیا چەند کاژێرێک ماوە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵە فەرمییەکە.
لە رووی یاساییەوە تاوەکو ئێستا هیچ شتێک واژۆ نەکراوە، تەنیا هەندێک وردەکاری بچووک ماون و پێناچێت ببنە رێگر لەبەردەم رێککەوتنەکە.
تۆرێس، تەنیا یەک وەرزی دیکە لە گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا مابوو، بەڵام ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکەی لویس ئێنریکێ گەیشتووەتە رێککەوتنی تایبەت. لویس کامپۆس و دیکۆ، بەڕێوبەرانی وەرزشیی هەردوو یانە چەند رۆژێکە سەرقاڵی یەکلاییکردنەوەی بەهای گرێبەستەکەن.
هەفتەی رابردوو فێران تۆرێس بە یانەی بارسێلۆنای گوتووە دەیەوێت دەستەوارەکەی پاریس سانجێرمان قبووڵ بکات. یانە کەتەلۆنییەکەش رەزامەندیی دەربڕی، بەو مەرجەی نرخەکەی 50 ملیۆن یۆرۆی جێگیر بێت لەگەڵ بڕێکی دیکە وەک گۆڕانکاری.
بارسێلۆنا دەیەوێت لە رێگەی فرۆشتنی چەند یاریزانێکەوە بارودۆخی دارایی خۆی باشتر بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ناوی یاریزانە نوێیەکانی لە لالیگا تۆمار بکات.




