رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، لە یەک شەودا پێنج گرێبەستی راگەیاند و لە رێوڕەسمێکی گەورەدا یاریزانە نوێیەکانی ناساند.
ئامەدسپۆر لە رێوڕەسمێکی گەورەدا بە ئامادەبوونی هەزاران هاندەر، گواستنەوەی پێنج یاریزانی دیکەی بۆ یانەکەی راگەیاند و گواستنەوەکانی بۆ وەرزی نوێی سوپەرلیگ تەواو بوو.
ئەو یاریزانانەی یانەی ئامەدسپۆر گرێبەستی لەگەڵ کردوون بەشی زۆریان لە هێڵی هێرشبەری یاریی دەکەن و تیپەکە بۆ وەرزێکی مێژوویی ئامادەیە.
ساموێل بالێت، یاریزانی سویسری، تەمەنی 25 ساڵە، هێرشبەرە، بە رەچەڵەک خەڵکی کامیرۆنە و لە سویسرا لە دایکبووە، لە هەرسێ شوێنی هێرشبەری یاریی دەکات.
یاریزانەکە لە یەنگ بۆیز و زیوریخی سویسری یارییکردووە، یاریزانی یانەی کۆمۆی ئیتاڵی بوو و لە تورکیاش یاریی بۆ یانەی ئەنتالیاسپۆر کردووە.
یرا سۆر، هێرشبەرێکی دیکەی نوێیە لە یانەی ئامەدسپۆر یاریی دەکات.
یاریزانەکە یرا سۆرە، نەیجیرییە، تەمەنی 26 ساڵە، لە سێ شوێنی هێرشبەری، باڵای راست و چەپ، سەرەڕم یاریی دەکات.
لە ساڵی 2023ـەوە لە یانەی خێنکی بەلجیکی یاریی دەکات، پێشتر لە یانەی سلاڤیا پراگای چیکیش یارییکردووە.
رایان لوتن، هێرشبەرە، خەڵکی کۆمۆرۆسە، تەمەنی 23 ساڵە، لە یانەی ئامیانی فەرەنسی یاریی دەکرد.
گوکهان گول، تەمەنی 28 ساڵە، لە هێڵی بەرگری یاریی دەکات، لە ئەڵمانیا یاریی بۆ بۆخوم، فۆرتۆنا دۆسلدۆرف کردووە، لە تورکیا یاریزانی گەنجلەربیرلیگی و قاسم پاشە بووە و وەرزی رابردوو لە یانەی ئەخدوودی سعودی بوو.
محەممەد خەلیل، تەمەنی 25 ساڵە، لە دیمەشق لە دایکبووە، هێرشبەرە، وڵاتینامەی تورکیای هەیە.
ئامەدسپۆر، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دوای رێوڕەسمی ناساندنی یاریزانەکان دەڵێت "سوپاسی هەموو هاندەرانمان دەکەین کە بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداریان لە رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکانیاندا کرد و جارێکی دیکە پاڵپشتی گەورەی خۆیان پێشاندایەوە."
ئامەدسپۆر دەڵێت "ئێستا کاتی ئەوەیە ئێمە رەگ و تێگەیشتنی ئامەدسپۆر بەشێوەیەکی بەهێز لەنێو پەیژەکانی یاریگادا پێشانبدەین."



