رووداو دیجیتاڵ
یوسف محەممەد، ئەستێرەی کوردی شاری حەسەکە بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی لەگەڵ یانەی گازی باکوور واژۆکرد، بۆ ئەوەی لە یەکەمین بەشداریکردنی تیپەکە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یارییان بۆ بکات.
ئەو یاریزانە کوردە تەمەنی 27 ساڵە، لە شاری حەسەکەی رۆژئاڤای کوردستان لەدایکبووە، باڵای 185 سانتیمەترە و یاریزانی دڵی بەرگریییە.
وریا جەلال، سەرۆکی یانەی گازی باکوور لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "یانەکەمان بەشێوەیەکی فەرمی گەیشتە رێککەوتن و گرێبەستمان لەگەڵ بەرگریکار یوسف محەممەد، واژۆکرد بۆ ئەوەی ریزەکانمان تۆکمەتر بێت بۆ یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق".
ئەو ئەستێرە کوردە لە ریزی هەڵبژاردەی یەکەمی سوریا یاریدەکات، لە ناوخۆی سوریا یاریی بۆ یانەی وەحدە کردووە، وەک یاریزانی پیشەگەر یاریی بۆ یانەی رەمسای ئوردنی و یانەی ئەهلی بەحرەینی کردووە.
یانەی گازی باکوور وەرزی ئەمساڵ بەنوێنەرایەتی شاری کەرکووک بەشداریی خولی ئەستێرەکانی عێراق کردووە، رەفەت یوسف راهێنەری سوری سەرپەرشتی تیپەکە دەکات، دەستەی کارگێڕیی یانەکە بڕی دوو ملیار و نیویان لە هێنانی یاریزان و بەهێزکردنی تیپەکەیان خەرج کردووە.
گازی باکوور یارییەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگەی نەورۆز لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی یاریگەی نێودەوڵەتی ئۆڵۆمپی کەرکووک ئامادە نییە و هێشتا کاری نۆژەنکردنەوەی تەواونەبووە، گازی باکوور یەکەم یاریی لە وەرزی نوێدا بەرامبەر یانەی زاخۆ ئەنجام دەدات.
یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی 14ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات، ئەمساڵ پێنج یانەی کوردی کە بریتیین لە هەولێر، گازی باکوور، نەورۆز، زاخۆ و دهۆک بەشداریی خولەکەن.




