رووداو دیجیتاڵ
ساموێل بالێت، یاریزانی سویسری لە ئامەدە بۆ پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی ئامەدسپۆر و یارییکردن لە سوپەرلیگدا.
یاریزانەکە لەنێو پێشوازییەکی زۆری هاندەراندا گەیشتە ئامەد، هەر زوو درێسێکی ئامەدسپۆریان دایە دەستی و بەرزی کردەوە.
بالێت، تەمەنی 25 ساڵە، هێرشبەرە، بە رەچەڵەک خەڵکی کامیرۆنە و لە سویسرا لە دایکبووە، لە هەرسێ شوێنی هێرشبەری یاریی دەکات.
یاریزانەکە لە یەنگ بۆیز و زیوریخی سویسری یارییکردووە، یاریزانی یانەی کۆمۆی ئیتاڵی بوو و لە تورکیاش یاریی بۆ یانەی ئەنتالیاسپۆر کردووە.
چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی، گرێبەستەکەی لەلایەن ئامەدسپۆرەوە رابگەیێنرێت.
یانەی ئامەدسپۆر لە وەرزی رابردوو، بۆ یەکەمجار توانیی بگاتە خولی سوپەرلیگی تورکیا، تیپەکە ماوەیەکی زۆرە خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادەدەکات، لە ماوەی رابردوودا دوو کەمپی مەشق و راهێنانی لە ئەرزوورم و بوردور ئەنجامدا، دوو یاریی دۆستانەی بەرامبەر یانەکانی دهۆک و زاخۆ ئەنجامدا و هەردوو یارییەکەی بردەوە.
رۆژی 16ـی ئەم مانگە، یانەی ئامەدسپۆر لە یەکەم یارییدا لە سوپەرلیگدا، لە یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی ئەرزوورم سپۆر یاریی دەکات.




