رووداو دیجیتاڵ
یانەی باتمان پەترۆلسپۆر دەچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێ و لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە خولی پلە یەکی تورکیا لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات.
باتمان پەترۆلسپۆر ئەمشەو کاژێر 21:30 لە گەڕی یەکەمی خولی پلە یەکی تورکیا، بەرامبەر یانەی پێندیک سپۆر یاریی دەکات و یارییەکە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت.
ئەمە یەکەم دەرکەوتنی تیپەکەی باکووری کوردستانە لەو خولەدا، دوای ئەوەی لە وەرزی رابردوودا لە خولی پلە دووی تورکیا، بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و پلەی یەکەمی کۆمەڵەی سووری ئەو خولەی بەدەستهێنا، بەو شێوەیە سەرکەوتنی بۆ ئەم خولە مسۆگەر کرد.
باتمان پەترۆلسپۆر ماوەیەکی زۆرە خۆی بۆ ئەم وەرزەی خولەکە ئامادەدەکات، چەند گۆڕانکارییەکی لە ریزەکانیدا ئەنجامداوە و بە گواستنەوەی یاریزانی نوێ دەیەوێت لەم وەرزەدا رکابەری لەسەر مانەوە لە خولەکەدا و گەیشتن بە سوپەرلیگ بکات.
یانەی باتمان پەترۆلسپۆر لە ئێلهی باکووری کوردستانە، تەمەنی 66 ساڵە و لە 1960 دامەزراوە، یانەکە بە درێسی سوور و سپی یاریی دەکات و بەهای ئێستای پێکهاتەی تیپەکە دەگاتە زیاتر لە 8.9 ملیۆن یۆرۆ.




